گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە تەلەعفەر دۆزرایەوە كە پروسكی 14 كەسی تێدایە

:: AM:08:58:25/07/2024 ‌
شانەی راگەیاندنی تەناهی ئەمڕۆ ئاشكرای كردووە، گۆڕێكی بەكۆمەڵ لە ناوچەی شارۆچكەی تەلەعفەری سەربە پارێزگای نەینەوا دۆزراوەتەوە، تێیدا پروسكی 14 كەسی تێدا بووە كە لە كاتی خۆی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەو ناوچەیە كوشتوونی.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی خانەی راگەیاندنی تەناهی لە پارێزگای نەینەوا، ئەو گۆڕە بەكۆمەڵە لەناو قوتابخانەیە لە شارۆچكەی تەلەعفەر دۆزراوەتەوە و دوای هەڵدانەوەی لەلایەن هێزێكی تایبەت، دەركەوتووە پروسكی 14 كەسی تێدا بووە.

ئاماژە دراوە كە هاووڵاتییانی ناوچەكە هاوكار بوون بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكە، لە كاتێكدا كاری نۆژەنكردنەوە بۆ قوتابخانەكە كراوە، هەست بەوە كراوە كە شوێنەكە گۆڕی تێدایە و هەندێك پرسكی بەرچاو كەوتووە، دوای هەڵدانەوەی، ئاشكرا بووە كە گۆڕی بەكۆمەڵە و لەو سەردەمەی داعش ناوچەكەی كۆنترۆڵ كردبوو، ئەو 14 كەسەی لەوێ كوشتووە و دواتر ناشتوونی.

باس لەوەش كراوە كە تەواوی پروسكەكان بەجیا كۆ كراونەتەوە و هەوڵ دەدرێ پێناسەیان بدۆزرێتەوە و رادەستی لایەنی پێوەندیدار دەكرێت.

ئاشكرابوونی گۆڕە بەكۆمەڵەكە دوێنێ چوارشەم بووە و خەلیل موحسین قایمقامی تەلەعفەر دووپاتی كردەوە، پروسكەكان هی 14 كەسن كە منداڵیشیان تێدایە، بەڵام تا ئێستە نازانرێ ئەو كەسانە كێن و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی پێناسەیان دەدرێت.

ئێستە ئەو شوێتە بە هێزێكی تەناهی گەمارۆ دراوە و چاوەڕێ دەكرێ رۆژی شەمووی داهاتوو، لیژنەیەكی تایبەت بە گۆڕە بەكۆمەڵەكان بگاتە ناوچەكە و بە فەرمی گۆڕەكە بكەنەوە.

ساڵی 2014 كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كرد و خەلافەتی ئیسلامیی لەو ناوچەیە راگەیاند، دەستی بە كوشتنی هەزاران كەس كرد و لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان شاردوونیەوە، تا ئەوكاتەی لە 2017 هێزەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەهاوكاریی هاوپەیمانان، لە هێرشەكانیاندا رێكخراوە تیرۆریستییەكەیان لە ناوچەكە دەركرد.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د