بەپێی راگەیەنراوێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ئەو كارەساتەی رۆچوونی زەوی لە ئەسیوپیا رووی دا، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو كارەساتەوە گەیشتووەتە 500 كەس.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی راگەیەنراوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەو كارەساتەی رۆچوونی زەوی كە دووشەمی رابردوو لە باشووری ئەسیوپیا رووی دا، بەرز بووەتەوە بۆ 500 كەس و پێشبینی دەكرێ ژمارەكە لەوەش زیاتر بەرزتر ببێتەوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر دەڵێ، رۆچوونی زەوی لە ناوچەی گۆفای باشووری ئەو وڵاتە، كارەساتێكی بێ وێنەی هێناوەتە كایەوە كە جیالە مردنی زیاتر لە 500 كەس، ژمارەیەكی زۆریش تا ئێستە دیار نین و هاوكات ژمارەیەكی تریش بریندارن.
دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دوو رۆژ بەرلە ئێستە رایان گەیاند، ژمارەی مردن بەهۆی كارەساتەكەوە 229 كەسە كە لە ناویاندا 148 پیاو و 81 ژنن. ئەویش بەپێی ئیدارەی كاروباری پێوەندییەكان لە ناوچەی گۆفا. رووداوەكە 450 كیلۆمەتر لە ئەدیس بابای پایەتەختی ئەسیوپیاوە دوورە.
رۆژی دووشەمی رابردوو دەسەڵاتی ئەسیوپیا رای گەیاند، بەهۆی رۆچوونی زەوی لە باشووری وڵاتەكەیان، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان لە ناوچەی گۆفا گیانیان لە دەست داوە، هۆكاری كارەساتەكەیش بارینی بارانێكی بەخوڕ بووە.