پەرلەمانتارێك: گەندەڵییەكی بە بەرنامە لە عێراق هەیە و حزبەكانی دەوڵەمەندتر كردووە

:: PM:05:33:25/07/2024 ‌

بە ددانانی بەرپرسانی باڵای عێراق بڕێكی زۆری داهاتی ساڵانەی عێراق لە دوای 2003 دیار نییە و نەچووەتە ناو گەنجینەی دەوڵەت و لە پڕۆژە و دامەزراوەكانی ژێرخان و خزمەتگوزارییەكان و پێویستییەكانی خەڵك خەرج نەكراوە، واتە پارەكە دزراوە و سپی كراوەتەوە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە گەندەڵییەكی رێكخراو بە بەرنامە لە عێراق هەیە و حزب و هێزە سیاسییەكانی دەوڵەمەندتر كردووە.

یاسر حوسێنی، پەرلەمانتار ئاماژە دەكات، گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بابەتێكی ئاڵۆز و جۆراوجۆرە، سوود لە هەر بۆشاییەك دەبینرێت بۆ درێژەدان بەو لێچوونەی لە گەنجینەی دەوڵەت هەیە، لەو بابەتانەی لە ماوەی دواییدا ئاشكرا بووە، زیادبوونی تێچووی خەمڵێنراوی پڕۆژەكانە بە تێكڕای زیاتر لە 40 هێند لە بەهای راستەقینەی، ئەوەش كارەساتە، جیا لەوە ئەو گرێبەست و پڕۆژانە بە كۆمپانیای سەر بە لایەنی سیاسیی دیاریكراو لە رێگەی سەرۆكی دەزگە و دامەزراوەكانەوە دەدرێت.  

روونی كردەوە، كارەساتی تر دۆسیەی راسپاردنی راستەوخۆی پڕۆژەكانە لەلایەن پارێزگارەكانەوە، كە لە بودجەدا دەسەڵاتیان پێ دراوە بۆ راسپاردنی راستەوخۆی كۆمپانیاكان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە تا بەهای شەش ملیار دینار و بەرەو خوارەوە، بۆ وەزیریش بەرەو سەرەوە، بێ رەچاوكردنی كێبەركێی و كوالیتی و گەیشتووەتە ئاستی هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكانی هەڵسەنگاندنی تێچوو بەپێی بازاڕ یان گۆڕینیان بە كەسانی نزیك لە لایەنی سیاسی بۆ دەستگرتن بەسەر سامانی گشتی.

حوسێنی دووپاتی كردەوە، بۆیە ئێمە لەبەردەم گەندەڵییەكی بە بەرنامەداین، كە بە رۆژی نیوەڕۆ و لەبەر چاو و بەگوێبیستی لایەنە حكوومەتییەكانەوە دەكرێت، ئەوەش وای كردووە رۆژ دوای رۆژ گەنجینەی عێراق لە رێگەی ئەو بۆشاییانەوە لێچوونی زیاتر بێت، كە لە لایەن كەسانی دەروون نزم لە گەندەڵكاران بۆ زیاتر دەوەڵەمەندكردنی هێز و حزبەكان سوودیان لێ دەبینرێت.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل