لە ماوەی دوایی لە واشنتن كۆبوونەوەیەكی باڵای سەربازی و تەناهی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بە سەرپەرشتی وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات بەڕێوە چوو، ئەوان باسی شێوەی پێوەندیی داهاتووی نێوانیان و ئەركی داهاتووی هێزی هاوپەیمانانیان كرد، كە نزیكەی 10 ساڵە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراقن و 85 دەوڵەتی لەخۆ گرتووە، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە پێشبینی دەكرێت هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بمێننەوە.
لەو كاتەی میلیشیا شیعەكان گوشار لە حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا دەكەن بۆ دیاریكردنی خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، چاودێران بۆ دۆخی عێراق پێیان وایە ئەو گفتوگۆیانەی هەن هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕن، بوونی ئەمەریكا لە عێراق بەردەوام دەبێت، چونكە بوونەكە پێوەستە بە رێككەوتنی تەناهی لە نێوان هەردوو وڵات و ئەمەریكا سەرچاوەی سەركیی پێدانی چەكە بە عێراق و ژمارەیەكی زۆری شارەزا و پسپۆڕی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراقن، راوێژ و مەشق و زانیاریی هەواڵگری پێ دەدەن و چەكەكانی چاك دەكەنەوە.
عیسام فەیلی، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی موستەنسەرییە، پێی وایە دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكانی هەردوو وڵات بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییەكانە نەك كشانەوەی ئەمەریكا، چونكە ئەو ئەمەریكییانەی لە عێراقن راوێژكارن و پاڵپشتیی تەكنیكی بۆ ئەو چەكانە پێشكەش بە عێراق دەكەن كە لەو وڵاتەی كڕیون وەك فڕۆكەی ئێف 16 و تانكی ئەبرامز.
غازی فەیسەڵ، بەڕێوەبەری ناوندی عێراق بۆ توێژینەوەی ستراتیجی پێی وایە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا وەستاوەتە سەر مانەوەی هەڕەشەكانی داعش لە عێراق، گفتوگۆكانی واشنتن باسی ئەنجامی هەڵسەنگاندنی لیژنەی تایبەتی هاوبەشی هەردوولا كراوە لەبارەی هەڵسەنگاندنی هەڕەشەكانی داعش، چونكە هێزی هاوپەیمانان بۆ ئەو مەبەستە لە عێراقن، بەتایبەتی ئێستە مەترسیی داعش لە عێراق و سووریا هەیە، بە بوونی زیاتر لە 10 هەزار چەكداری رێكخراوەكە.