دوای ئەوەی نەتەنیاهۆ لە بەردەم كۆنگرێسدا دەركەوت و گوتارێكی پێشكەش كرد، ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا كەوتنە چەپڵەلێدان بۆ سەربازێكی ئیسرائیلیی "مسوڵمان" ئەمەیش دوای ئەوەی بنیامینی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل باسی لە خزمەتەكانی ئەم سەربازە كرد لە ریزەكانی سوپای ئیسرائیلدا.
دوێنی چوارشەم 24ی تەمووزی 2024، بنیامین نەتەنیاهۆ چەند كەسێكى لە كەسوكاری بارمتە ئیسرائیلییەكان و چەند ئەندامێكی سوپای ئیسرائیلی لەگەڵ خۆی برد بۆ واشنتن و لە كاتی پێشكەشكردنی گوتارەكەیدا لە كۆنگرێس لەگەڵ نەتەنیاهۆدا ئامادەبوون و یەكێك لە ئامادەبووانیش، سەربازێكی ئیسرائیلیی "مسوڵمان" بوو بە ناوی "ئەشرەف بحەیری".
لەمیانی گوتارەكەیدا، نەتەنیاهۆ بە دەست ئاماژەی بۆ ئەم سەربازە مسوڵمانەی ئیسرائیل كرد و لە بەردەم ئەندامانی كۆنگرێس و ئامادەبوواندا گوتی: ئەشرەف سەربازێكی ئازای مسوڵمانی ئیسرائییلە، لە حەوتی ئۆكتۆبەری پارساڵدا چەندان تیرۆریستی كوشتووە "ئەندامانی حەماس" بۆ بەرگریكردن لە ئیسرائیل و بەرگری لە هاوڕێكانی كردووە لە بنكە سەربازییە ئیسرائیلییەكان، دواتریش بەهۆی ئازایەتییەكەیەوە گوێزراوەتەوە بۆ بەرەكانی تر كە جەنگ تیایدا چڕ بوون بۆ بەرگریكردن لە وڵاتەكەیدا.
نەتەنیاهۆ ئەوەیشی گوت، ئەم سەربازە مسوڵمانە هاوشێوەی هاوڕێكانی تری لە ریزی سوپای ئیسرائیل لەگەڵ یەهودییەكان و مەسیحییەكان سەرسەختانە جەنگاوە و بەرگریی لە خاكی ئیسرائیل كردووە، بەڵێ ئەمانە نموونەی راستەقینەی سەربازانی ئیسرائیلن، لە تەواوی ئاین و مەزهەب و ئاراستە سیاسییەكانەوە هاتوون.