دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە هاویمانی داهاتووی نەینەوا سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە 16 كورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەنگی لەسەر گۆڕینی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی ئەو پارێزگایە دا، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی تری ئەنجوومەنەكە داوای لە سەرۆك یەكە كارگێڕییەكان كرد ناوی كاندیدان بۆ موختاری گەڕەك و گوندەكان پێشكەش بكەن.
ئەحمەد حاسوود، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، ئەمڕۆ 15مین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوامان ساز كرد، بە ئامادەبوونی خەلیل مەجید سلێمان، بەڕێوەبەری كاروباری هاووڵاتییانی لە دیوانی پارێزگای نەینەوا، تاوتوێی دۆسیەی موختارەكانی شارۆكە و شارەدێكانمان كرد، داوامان كرد سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان ناوی سێ كاندید بۆ موختاری هەر گەڕەك و گوندێك لە 20ی ئابی داهاتوو پێشكەش ئەنجوومەنی پارێزگا بكەن، ئەوەش بە رەچاوكردنی مەرجەكانی كانیدبوونی موختاری لە رووی قبووڵكراوی كۆمەڵایەتی و سەلامەتی هەڵوێستی تەناهییەوە.
هاوپەیمانی یەكگرتووی نەینەوا كە خاوەنی نۆ كورسییە كە لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان (خاوەنی چوار كورسی)، بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنەكەیان كردووە، گومانی خستە سەر تەواوبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا.
ئەندامێكی ئەو ئەنجوومەنە گوتی، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نایاساییە و ناتەواوە لە رووی رێژەی ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەكەوە، چونكە ساجیدە ئەفەندی، ئەندامێكی ئەنجوومەن ئامادە نەبووە و دانیشتنەكە بە 15 ئەندام بەڕێوە چووە، ئەوەش پێشێلكارییەكی یاساییە لەلایەن ئەنجوومەنەكەوە.