وەك گوشارێك بۆ سەر هەردوو حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا بۆ دانانی خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمان و ئەمەریكا لە عێراق، شەوی رابردوو جارێكی تر گرووپە چەكدارەكان بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار بۆردمان كرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە بۆردمانەكەدا هیچ زیانێك لە ریزی سوپای ئەمەریكا نەبووە.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو شاندێكی باڵای عێراق بە سەرۆكایەتی سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی سەردانی واشنتنی كرد و لەگەڵ لوید ئۆستن، هاوتا ئەمەریكییەكی سەرپەرشتیی گەڕێكی تری كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازی هەردوولایان كرد، ئەوان دۆخی تەناهیی عێراق و باسی تواناكانی داعش و سوپای عێراقیان كرد، جیا لە شێوەی پێوەندیی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمەریكا لەگەڵ عێراق.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو بە مووشەك هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، كە گەورەترین بنكەی سەربازیی ئەمەریكایە لە عێراق، ئەمڕۆ هەینی گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە هێرشەكەدا هیچ سەربازێكیان زیانی بەر نەكەوتووە و هێرشەكە كراوەتە سەر ناوچەیەكی نزیك لە بنكەكە.
وەك ئاژانسی
"سپۆتنیك"ی رووسی گواستییەوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هێرشەكە بۆ سەر ناوچەیەك كراوە لە دەرەوەی بنكەی عەین ئەسەد و هیچ زیانێكی بۆ ئێمە نەبووە، تا ئێستەش زانیاریمان لەبارەی جۆر و ژمارەی ئەو مووشەكانەی هاوێژراون نییە.
شەوی رابردوو میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە دوو مووشەك بۆردمان كراوە و زیانەكان نازانرێن، هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ناوچەكانی گومانی هاوێشتنی مووشەكانی لێ دەكرێت دەستیان بە لێكۆڵینەوە و پشكنین كردووە.