بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە شا و سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی دنیا، ئاهەنگی كردنەوە و دەست پێكردنی 33یەمین خولی یارییەكانی ئۆڵۆمپیاتی هاوپەینەی پاریس بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوای 100 ساڵ لە دوایین جار كە پاریس مێوانداریی ئۆڵۆمپیاتی لە 1924 كرد.
لەو ئۆلۆمپیاتەدا 10500 وەرزشوان لە 329 كێبەركێ لە 32 وەرزشی جیاواز بەشدارن بۆ بەدەستهێنانی 306 ملوانكە ركابەری دەكەن، 28 یاری سەرەكیی ئۆڵۆمپیات و چواریشی بۆ زیاد كراوە، ئەمڕۆ 26ی تەمووز دەست پێ دەكات تا 11ی مانگی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت، سبەی یارییەكانی پایسكلسواری و جۆدۆ و شمشێربازی دەست پێ دەكەن.
بڕیارە
ئاهەنگەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 300 هەزار كەس دەست پێ بكات كە چوار سعات دەخایەنێت و شاندە مێوانەكان بە 85 بەلەم بە رووباری سین لە پاریس بەناو دوو هەزار سەماكەر دەسووڕێنەوە، لەناو نمایشێكی هونەری لە 12 جۆری جیاواز كە نزیكەی سێ هەزار هونەرمەندی سەماكار و گۆڕانیبێژ لەسەر لێوارەكانی رووبارەكە و لەسەر پرد و شوێنە گەشتیارییەكان بڵاو كراونەتەوە، جیا لە بەڕێوەچوونی نمایشی ئاسمانی.