"گرووپە چەكدارەكان لە حكوومەتی عێراق بەهێزترن و توانای داماڵینی چەكی ئەوانی نییە"

:: PM:02:52:26/07/2024 ‌

حكوومەتی عێراق بەدەر لەوەی لە میدیا و سۆشیال میدیا رای دەگەیەنێت كە دەستكەوتی هەیە و بەدوای چارەسەركردنی كێشە و تەنگژەكانە، بەڵام هەر خۆی هۆكارە بۆ چارەسەرنەبوونی بەشێكیان، شرۆڤەكارێكی سیاسی ئاماژە دەكات ئەو تەنگژە و دۆسیانە لە توانای حكوومەتی عێراق بەهێزترن.
 
د: محەمەد نەعناع، شرۆڤەكار و توێژەری سیاسی بە "وشە"ی گوت، بابەتی دواخستنی چارەسەركردنی دۆسییەكان لە عێراق و هەوڵی شاردنەوە و چارەسەركردنێكی كاتی هەیە، بەڵێ ئەوە لە لایەن حكوومەتی ئێستە و ئەوانەی پێشووش كراوە و هیچیان لەو شێوازە كاركردنە بەدەر نین.

زیاتر گوتی، ئێستە جۆرە سەقامگیرییەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی هەیە، جۆرێك لە نەرمی نواندن و لێكتێگەیشتنیان هەیە، ئەوەش لە ئەنجامی هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانییە بە وەڵامدانەوە و مامەڵەیەكی ئەرێنی لەگەڵ هاوكێشەی نوێی دەسەڵات.

ئەو توێژەرە سیاسییە لەبارەی هۆكاری چارەسەر نەبوونی تەنگژەكانی عێراق دەڵێت، هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو تەنگژە و دۆسیانە لە توانای دەسەڵات و حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بەهێزترن، چەندان دۆسیە كەڵەكە بوونە و پێویستییان بە چارەسەری تەكنیكی و كاتی گونجاو هەیە، ئەوەش حكوومەتی نەیتوانیوە فەراهەمیان بكات.

نەعناع دووپاتی كردەوە، بۆ نموونە دۆسیەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت، ئەوە نەهاتووەتە دی، هۆكارەكەی لای هەمووان روونە كە ئەو گرووپانەی چەكیان بە دەستە لە حكوومەت بەهێزترن و حكوومەت توانای داماڵینی چەكی دەستی ئەوانی نییە، بۆیە ئەو گرووپانە لە حكوومەت بەهێزترن، جیا لەوە هەر ئەوان و هەندێك حزب بوون كە حكوومەتەكەیان گەیاندە دەسەڵات، ئەوە دۆسیەیەكە و دۆسییەكانی تریش هۆكاری خۆیان هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل