بەهۆی ناكۆكیی سوننەكانەوە زیاتر لە حەوت مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە، لایەنە شیعییەكان فشار دەكەن ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، حەلبووسیش سێ مەرجی هەیە بۆ سەرۆكی پەرلەمانی سوننە.
ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت لەمبارەیەوە نووسیویەتی، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ چوارچێوەی هەوئاهەنگیی شیعەكان سێ مەرج و پێشنیاری كردووە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن سوننەكانەوە.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە مەرجەكانی حەلبووسی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی راپۆرتەكە، مەرجی یەكەمی حەلبووسی ئەوەیە، لایەنە سوننەكانی ڕكابەری حزبی تەقەدوم، سێ كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكەن و حەلبووسی كەسێكیان بۆ پۆستەكە دیاری بكات، هەروەها پۆستی وەزیری بازرگانیش بدرێتە حزبی تەقەدوم.
مەرج و پێشنیازی دووەمی حەلبووسی ئەوەیە حزبی تەقەدوم سێ ناو بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشنیار بكات و لایەنە سوننەكان یەكێك لەو سێ ناوە دیاری بكەن، ئەوكاتیش حەلبووسی دەستبەرداری پۆستی وەزیری بازرگانی دەبێت.
مەرجی سێیەمیش رێككەوتنی لایەنە سوننییەكانە لەسەر هەڵبژاردنی كەسێك لە ناو سێ بەتەمەنترین پەرلەمانتارانی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام بەمەرجی ئەوەی رەزامەندیی حەلبووسیی لەسەر بێـت.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە پێشنیارەكانی حەلبوسی رازی بوون و پێیان وایە چارەسەرێكی نوێیە.
هێز و لایەنەكانی سوننی پێیان وایە نابێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی بمێنێتەوە، بەمافی خۆیانی دەزانن ئەو پۆستە بەر ئەوانیش بكەوێت، بەڵام بەهۆی دەنگ و كورسییەكانی حەلبووسی كە زۆرینەی سوننەكمان پێكدێنێت، تەقەدوم تا ئێستە رازی نەبووە دەستبەرداری پۆستەكە بێت.