ئەگەرچی بە دداننانی بەشێك لە سیاسەتوانانی سوننە بەوەی شیعە هۆكاری كێشەكەن و ئەوان بۆ تێپەڕاندنی ژمارەیەك پڕۆژە بە ویستی خۆیان بەربەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی سوننە بۆ پەرلەمان دەكەن، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی دەكاتەوە كە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوشاریان خستووەتە سەر هێزە سوننەكان بۆ پەلەكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.
محەمەد زیادی، پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە دەكات، ناكۆكیی سیاسیی نێوان هێزە سوننەكان بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی دوا خستووە، بۆیەش چوارچێوە گوشاری خستووەتە سەر ئەو هێزانە بۆ پەلەكردن لە یەكلاكردنەوەی بابەتەكە و هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.
روونی كردەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەڵوێستی بەرانبەر بەو پرسە روونە و بە لایەنە سوننەكانی گوتووە كە ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو یەكلای نەكەنەوە، داوای سازكردنی دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت و بابەتی دەنگدان بە كاندیدیان بۆ ئەندامانی پەرلەمان جێ دەهێڵرێت، چونكە ناكرێ ئەو دۆسیەیە بەو شێوەیە بێ یەكلاكردنەوەی بمێنێتەوە.
لای خۆیەوە فیراس موسەلەماوی، پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی كرد كە گفتوگۆی رژد لە نێوان هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە سوننەكان لەوبارەوە هەیە، هێزە سوننەكان تا ئێستە لەناو خۆیان لە گفتوگۆدان بۆ رێككەوتن و كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
هەفتەی رابردوو حەیدەر مولا، پەرلەمانتاری پێشوو و سیاسەتوانی سوننە لە پۆستێك نووسیبووی، مەبەست لە پەكخستنی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەیە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێ لە پەرلەمان دەریان بكات، روونە بۆچی بەشێك لە هێزەكانی چوارچێوە دەستی دەستی بە بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، دەیانەوێ مەندەلاوی لەسەر حسێبی سوننە بمێنێتەوە، ئامانجیش تێپەڕاندنی ژمارەیەك یاسایە بە دیدێكی خۆیان دوور لە سازانی نیشتمانی تێپەڕێنن.