"شنگال بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و خەریكەی ئێزدییەكان لە بەغدا بێئومێد دەبن"

:: PM:07:50:27/07/2024 ‌

لە تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر نەهامەتی و كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی بە دەستی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش نزیك دەبینەوە، كەچی ئەوەی بۆ ئەوان كراوە زۆر لەوە كەمترە كە بۆ سارێژبوونی برینەكانیان پێویستە، لەوكاتەی ئەوان تەنیا داوای ماف و دادوەری بەرانبەر بە كەیسەكەیان لە بەغدا دەكەن، كە تەنانەت رێگە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگالیش نادات. 

خدر دۆملی، توێژەر لە رێكخراوی چارەسەركردنی ململانێكان و بنیاتنانی ئاشتی و پرسی كەمینەكان لە عێراق ئاماژە دەكات، سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە 2014، خەریكە زۆرێك لەوان هیوایان بە حكوومەتی عێراق نامێنێت، ئەوەش بەهۆی نادادوەری و قەرەبوونەكردنەوەی زیان و كەسوكاری قوربانیانیان تا ئاستی ئەو تاوانەی بەرانبەریان كراوە، لەوكاتەی زۆرینەی ناوچەكانی عێراق قەرەبوو كراونەتەوە، بەڵام ئەوەی شنگال كەمترین بووە و تەنیا 10% قەرەبوو كراوەتەوە. 

روونی كردەوە، شنگال بووەتە گۆڕەپانێكی ململانێ و تا ئێستەش زیاتر لە 370 هەزار خەڵكی شارۆكەكە لە كەمپەكان ئاوارەن، ئەوەشی حكوومەتی عێراق بۆیانی كردووە لە دانانی یاسای رزگاربووەكان تێناپەڕێت، ئەو یاسایەش بەربەستی زۆری هاتووەتە پێش، 10یەم ساڵوەگەڕیی كارەساتەكە هاوكاتە لەگەڵ لێكترازانی كۆمەڵگەی ئێزدی لە سایەی بوونی هەزاران ئاوارە لە كەمپەكان و 100 هەزار كۆچبەر لە دەرەوەی عێراق و بوونی سێ هەزار كچ و ژن و منداڵی چارەنووسی نادیار تا ئێستە.  

دۆملی دووپاتی كردەوە، ئەوەی حكوومەتی عێراق كردوویەتی جێی شەرمەزارییە، بە پێدانی بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێكی ئاوارە كە بیەوێ بگەڕێتەوە شنگال، چونكە ئەو بڕە پارە بەشی گواستنەوەی كەلوپەلەكانیش ناكات، نەخاسما چاككردنەوەی خانووە رووخاوەكان، كە 40%ی خانووەكان رووخاون، بۆیە شێوازی بیركردنەوەی حكوومەتی عێراق بۆ دادوەری و فەراهەمكردنی مافی ئەوان جێی سەرسڕمانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل