پێ دەچێت دۆخی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی بەرەو شەڕێكی راستەوخۆ بچێت، كاتێك ئەمڕۆ مووشەكێكی حزبوڵای لبنانی یاریگەیەكی تۆپی پێی لە شارەدێی مەجدەل شەمس لە ناوچەی جۆلانی ئیسرائیلی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە نۆ كەس كوژران و 30یش بریندارن و هەندێكیان برینەكانیان سەختە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل باسی ئەوە دەكات كە بەهۆی هێرشەكەی حزبوڵاوە نۆ كەس كوژراون و رێكخراوی پزیشكیی ئەستێرەی داودی ئیسرائیلیش باسی بوونی 30 بریندار كرد كە برینی هەندێكیان سەختە، دوای هێرشەكە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندەكانی سوپا و هێزە تەناهییەكان كردووە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش لەبارەی رووداوەكە ئاگەدار كراوەتەوە.
یسرائیل كاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، حزبوڵای لبنانی هیڵی سووری بەزاند و وەڵامدانەوەمان لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت، سوپای ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە هەڵدانی 40 مووشەك و گولەهاوەنیان بە سێ وەجبە لە لبنانەوە تۆمار كردووە، كە لە مەجدەل شەمس قوربانی لێ كەوتووەتەوە.
ئەو هێرشەی حزبوڵا دوای هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەك لە دێر بەلەح لە ناوەڕاستی كەرتی غەزە دێت كە بەلایەنی كەم 30 كەسی تیادا كوژراوە و 100یش بریندارن، لەوكاتەی سوپای ئیسرائیل باسی ئەوە دەكات هێرشەكەی بۆ سەر ناوەندێكی سەركردایەتی و كۆنترۆڵی حەماس بووە، كە وەك بنكەیەك بۆ هێرشكردن و جبەخانە بەكار هاتووە و پێش هێرشەكەش خەڵكەكەی ئاگەدار كردووەتەوە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی حەماس لە كەرتی غەزە ژمارەی كوژراوانی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستە گەیشتووەتە 39268 كوژراو، لە كۆی 25 هەزار چەكداری حەماس و گرووپەكانی تر 14 هەزاریان كوژراون یان گیراون.