بەهۆی جیاوازی لە سیاسەتی دەرەوە و هەڵوێست و بڕیارەكانی بەرانبەر بە چەندان كێشە و دەوڵەتی دنیا، تەواوی ئەوروپا و رووسیا و چین و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو و عێراقیش چاویان لەسەر كێبەركێی سەرۆكایەتیی ئەمەریكایە، كە لە نۆڤێمبەری داهاتوو ساز دەكرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە كاندیدە بەهێزەكانە، توێژەرێك ئاماژە دەكات پێویستە عێراق زۆر بە جوانی خۆی بۆ گەڕانەوەی ترەمپ ئامادە بكات.
موجاشیع تەمیمی، توێژەری سیاسی پێی وایە سیاسەتوانان و حكوومەتی عێراقیش ترسیان لە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی هەیە، چونگە گەڕانەوەی عێراق دەخاتە ناو شەرمەزارییەكی گەورەوە، بەتایبەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران، چونكە ترەمپ كەسێكی هەڵگەڕاوەیە و لەسەر هەڵوێست و بڕیارێگ جێگیر نییە.
روونی كردەوە، ترەمپ لە بڕیارەكانی كتوپڕە و كارسازە، بۆچوونی كەسیی خۆی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ ماوەی داهاتوو جێبەجێ دەكات، ئەوەش وا لە سوودانی دەخوازێت كە رێوشوێن وەربگرێت و ستراتیجیەتێكی روون پێڕەو بكات، بەتایبەتی چەند راوێژكارێك دابنێت كە توانای مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەو هەڵگەڕاوەییەی ترمپ لە كاتی گەیشتنی بۆ كۆشكی سپی هەبێت، بەتایبەتی پێوەست بە هەڵوێستی بەرانبەر بە سووریا و ئێران و سزاكانی سەریان.
تەمیمی دەڵێت، كەسایەتیی ترەمپ ئاسایی نییە و پێویستی بە پلانێكی درێژخایەن و نەرم بۆ چارەسەركردنی هەڵوێستە كتوپڕەكانی هەیە، بۆیە لە سیاسەتە توندەكانی ترەمپ بەرانبەر بە ئێران و سووریا و رووسیا و چین، عێراق زیاترین زەرەرمەند دەبێت، لە ئەنجامدا عێراق دەكەوێتە ژێر گوشارێكی گەورەی دیپلۆماسی ئەگەر ئێران بەرانبەر بە سیاسەتەكانی ترەمپ نەرم نەبێت.
ئەو توێژەرە دووپاتی كردەوە كە پێویستە عێراق رژدتر كار لەسەر ئەو تێبینییانە بكات كە ئیدارەی ئەمەریكا پێی دەدات، بەتایبەتی پێوەست بە قاچاغی دۆلار بۆ ئێران و سووریا و رووسیا و چین، رەنگە بانكی ناوەندی ناچار بكات بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی توندتر، جیا لەوەی دەبێت حكوومەتی عێراق گوشاری زیاتر لە میلیشیاكان بكات بۆ وەستانی هێرشەكانیان بۆ سەر ئەمەریكا، چونكە كەس كاردانەوەی ترەمپ بەرانبەر بەو هێرشانە نازانێت.