ئەمڕۆ حزبوڵای لبنانی بە دەیان مووشەك بۆردمانی ئیسرائیلی كرد، یەكێك لە مووشەكەكان لە شارەدێی مەجدەل شەمش لە ناوچەی جۆلان لە ناو یاریگایەكی تۆپی پێ تەقییەوە و 11 كوژراو و 34 برینداری لێ كەوتەوە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە رایان گەیاند كە حزبوڵا هیڵی سووری بەزاندووە و گورزێكی گەورەی لێ دەوەشێنن.
دانیال هاگاری، گوتەبێژ بە ناوی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی مەجدەل شەمس لە جۆلان ئامادە دەكات، ئەوەی روو داوە مەترسیدارە و هەموو قوربانیان منداڵن، بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی مووشەكەكە لە باكوری گوندی شەبعای لبنان هاوێشتراوە.
روونی كردەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆكی دەستەی ئەركان لەگەڵ دەزگەكانی شاباك و مۆساد و فەرماندەیی گشتی خەریكی راوێژن، حزبوڵا بوونی پێوەندی بە هێرشەكە رەت كردووەتەوە، بەڵام هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژە دەكات كە ئەو حزبە لە كوشتنی منداڵەكان بەرپرسیارە و وەڵامی بۆ ئامادە دەكەین.
هەر دوای هێرشەكە یسرائیل كاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رای گەیاند كە وڵاتەكەی لە شەڕێكی فرەوان لەگەڵ حزبوڵا نزیك دەبێتەوە، ئەو حزبە هیڵی سووری بەزاند و ئێمەش وەڵامی دەدەینەوە، لەوكاتەی بەرپرسانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە ئیدارەی جۆ بایدن زۆر نیگەرانە لەوەی هێرشە مووشەكییەی كە لە لبنان كراوە و 10 كەسی كوشتووە، ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی فرەوان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ رووی دا ئەوە بوو كە لێی دەترساین و ماوەی 10 مانگە هەوڵ دەدەین خۆمانی لێ لابدەین.
لەوكاتەی ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەیەكی توندی حزبوڵای داوە، سەرچاوەكانی ئیسرائیل باسی ئەوە دەكەن كە ئیدارەی ئەمەریكا داوای لە تەلئەبیب كردووە وەڵامدانەوەكەی هاوسەنگ بێت، واتە بە قەد هێرشەكەی حزبوڵا بێت، سەرچاوەیەكی تەناهیی ئیسرائیلیش دووپاتی كردەوە كە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بەهێز دەبێت، بەڵام نیازیان نییە شەڕ هەڵبگیرسێنن.