لەوەتەی جەنگی غەزە دەستی پێ كردووە و زیاتر لە نۆ مانگە بەردەوامە، ئیسرائیل دەڵێ ئامانجی سەرەكییان لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماسە، بەڵام وەزیری دەرەوەی رووسیا لەوبارەیەوە دەڵێ، ئەوەی لەسەر زەوی دەیبینین، لەناوبردنی حەماس دوورە لە واقیع.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 28ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگی غەزە، بنیامین نەتەنیاهۆ دەڵێ ئامانجی سەرەكیی ئیسرائیل لەناوبردنی حەماسە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە دوای كۆبوونەوەی "رووسیا- ئاسیان" شەوی رابردوو گوتی، ئەوەی نەتەنیاهۆ لەبارەی لەناوبردنی حەماس دەیڵێت، دوورە لە واقیع.
لاڤرۆڤ دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی هەموو كردە تیرۆریستییەكان سەركۆنە دەكات لە هەر شوێنێكی دنیا بن، جەنگی غەزەیش درێژەی كێشا و وەك نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ ئامانجی سەرەكییان لەناوبردنی حەماسە، بەڵام ئەوەی هەموو دەبینین، لەناوبردنی ئەو بزووتنەوەیە دوورە لە واقیع.
ئەو قسانەی لاڤرۆڤ لە كاتێكدایە ئەو وەزیرەی رووسیا لە 25 تا 27ی ئەم مانگە بەشداریی لە كۆبوونەوەی "رووسیا- ئاسیان" كرد و دوای كۆبوونەوەیش، شەوی دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.