وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، پێشبینی دەكرێ زیاتر لە 50 هەزار پاكستانی بە نایاسایی لە عێراقدا هەبن و ئەگەر ئەو ژمارەیە بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، بەلای كەمەوە لەسەر عێراق 50 ملیۆن دۆلار دەكەوێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 28ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، عامر عەبدولجەبار ئیسماعیل كە ئەندامی پەرلەمانی ئێستە و وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراقە، پێی وایە بەلای كەمەوە 50 هەزار پاكستانی بە نایاسایی لە ناو عێراقدا هەن، بەشێكی زۆریان بۆ كاركردن هاتوون و دوای ئەوەی بە یاسایی ماوەی مانەوەیان بەسەر چووە، ئێستە بە نایاسایی ماون و كار دەكەن.
زیاتر گوتی بەپێی گوتەی پۆلیس، هێزەكانی تەناهی 33 كەسیان لێ گرتوون، خۆ ئەگەر سەرجەمیان بگیرێن و بۆ وڵاتەكەیان بگەڕێنرێنەوە، ئەگەر بۆ یەك كەسیش لەوان یەك هەزار دۆلار خەرجیی گرتن و گەڕانەوەیان بێت، بەگشتی بۆ 50 هەزار پاستانی، بەلای كەمەوە 50 ملیۆن دۆلار لەسەر عێراق دەكەوێت.
لەلایەكی تریشەوە شۆدری سالك حوسێن وەزیری كاروباری ئاینیی پاكستانی لەڕێی "ئێكس"ەوە نووسیویەتی، ماوەی چەند ساڵێكە زیاتر لە 50 هەزار پاكستانی چوونەتە عێراق و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان.
زیاتر نووسیویەتی، ئەوانە خۆیان نەشاردووەتەوە، بەڵكو بە یاسایی چوونەتە عێراق و ئێستە كاتی ماوەنەیان لەو وڵاتە بەسەر چووە، ئەوان سەربە هیچ لایەن و رێكخراوێك نین، بەڵكو لەڕێ كۆمپانیاكانەوە چوونەتە عێراق و مەبەستیشیان كاركردن بووە.
دواتریش گوتی، لەگەڵ وەزیری كاری عێراق چاومان بە یەكتر دەكەوێ و لەوبارەیەوە رێككەوتنێك واژوو دەكەین و ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەین.