حكوومەتی عێراق بەو شێوەیە كار دەكات نانی ئەمڕۆی هەبێت بۆ بەیانی خوا كەریمە، عێراق نقوومی دەیان تەنگژەی قووڵە و میلیشیا و باندەكان بە ئاشكرا و لەبەر چاوی حكوومەت كار دەكەن و هیچ بەربەست و بەرپەرچێك نییە، شارەزایەكی سەربازی دووپاتی دەكاتەوە كە تەنگژەیەكی گەورە بەرەو عێراق بەڕێگەوەیە.
د. ئەحمەد شەریفی، شارەزای سەربازی و تەناهی وریایی لە لێكەوتەكانی ئازادكردنی دەیان ئەندامی داعش لە زیندانەكانی هەسەدە لە سووریا دەدات، دووپات لەوە دەكاتەوە كە دۆخەكە پێویست بە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكات، چونكە بێ ئەوان عێراق دەكەوێتە ناو مەترسییەكی گەورە بەو هۆیەوە و رەنگە سوپای توركیا بگاتە كەركووك و داعشیش بگاتەوە ناوچەكانی پێشووی.
ئەو شارەزایە پێی وایە تەنگژەیەكی گەورە بەرەو عێراق بەڕێگەوەیە و پێویستە سەرەتا لە رووەكانی سیاسی و میدیایی چارەسەر بكرێت، دوای ئەوە رێوشوێنی سەرەبازی لە كاتی گونجاو بۆ وەربگیرێت، كاتێك بە بەردەوام كەمپی هۆل لە سووریا وەك بۆمبێكی دانراو وەسف كراوە، خەریكە مەترسییەكەی لەسەر عێراق دەردەكەوێت.
شەریفی دووپاتی كردەوە، هەسەدە 138 كەسی ئازاد كردووە و پێشبینی هەیە ژمارەكە بگاتە 1400 كەس كە زۆرینەی خاوەن رەگەزنامەی عێراقین، واتە ئەگەری دزەكردنی ئەوانە بۆ ناو عێراق هەیە، كە بە توانا و خاوەن شارەزایین لە شەڕ و سروشتی ناوچەكان، پێشتریش سنوورەكانی نێوان سووریا و عێراقیان بڕیوە، هەموو ئەوانە لەپاڵ بوونی بۆشایی سنووری، بۆیە عێراق لەبەردەم كێشەدایە، چونكە هەسەدە لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێت و ئەمەریكاش بۆ پێشاندانی پێویستیی مانەوەی لە عێراق دەڵێت تا ئێستە داعش هەڕەشەیە، بۆیە مانەوەی ئەمەریكا پێویستە بۆ هاوسەنگكردنی بەرپەرچدانەوەی ستراتیجی لە ناوچەكە.
ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، ئەو چەكدارانەی داعش ئەگەر دزە بكەنە ناو عێراق لە ناوچە دوورە دەست و بۆشاییەكان بڵاو دەبنەوە، كە عێراق توانای كۆنترۆڵكردنی ئەوانەی نییە، ئەوەش پێویستی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا زیاتر دەكات، چونكە بە نەبوونی هێزەكانی ئەمەریكا، عێراق دەكەوێتە ناو مەترسی گەورەوە و رەنگە سوپای توركیا بگاتە كەركووك و داعشیش بگاتەوە ناوچەكانی پێشووی، بۆیە دۆخەكە پێویستی بە هۆشیاری و دانایی و پەلەنەكردن و خوێندنەوەیەكی باش بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر ناوخۆی وڵات هەیە، پێشم وایە شاندنی سەربازی عێراق كە سەردانی واشنتنی كرد، ئەو راستییانەی بۆ روون كرایەوە و شاندەكە بەو دیدەوە گەڕایەوە.