ژنانی بەغدا دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن

:: PM:09:42:28/07/2024 ‌

لەوكاتەی هێزە شیعەكان دەیانەوێ لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە یاسای باری كەسێتی هەموار بكەنەوە، كە رەشنووسی هەموارەكە چەندان كێشەی گەورەی لەخۆ گرتووە، دەیان ژن و كچ لە بەغدا خۆپێشاندانێكی ناڕەزایەتی رێك دەخەن و هاوسەرگیری كچەمنداڵەكان رەت دەكەنەوە.

هەفتەی رابردوو هێزە شیعەكانی پەرلەمانی عێراق ویستیان یەكەم خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی بكەن، بەڵام بەهۆی زۆری ناڕەزایەتی و تا بەشداری پێكردنی لیژنەی ژن و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مافەكان لە گفتوگۆكان، خوێندنەوەكە دوا خرا.

ئەمڕۆ كۆمەڵێك ژن و رێكخراوی بواری مافی ژن لە گۆڕەپانی تەحریر بەغدای پایەتەخت گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان دژ بە هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە 88ی ساڵی 1959 ساز كرد، ئەوان چەند دروشمێكیان بەرز كردبووەوە لەوانە "نەخێر بۆ هاوسەرگیریی كچانی منداڵ" و "سەردەمی كەنیزەك تێپەڕیوە".   

لە چوارشەمی رابردووەوە لە میدیا و سۆشیال میدیا هەڵمەتێك دژی هەمواری یاسای باری كەسێتی هەیە، عالیە نسەیف، كە پەرلەمانتارێكی شیعەیە و پێچەوانەی قسە و هەڵوێستی هێزە شیعەكان رای گەیاند كە هەموارەكە شەرعیەت بە هاوسەرگیری لای مامۆستای ئاینی دەدات، ئەوەش رێگە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆماوەیی و شێوانی زگماكی و تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز خۆش دەكات. 

جیا لەوەی حزبی شیوعیی عێراق وریایی لە دەنگدان بە هەموارەكە دا بەوەی بنەماكانی تایفیەت و مەزەو زیاتر دەچەسپێنێت، عەبدولسەتار عەبدولجەبار، پێشنوێژ و ئیمامێكی سوننە گوتی، ئەو هەموارە بە نەفەسێكی تایفی داڕێژراوە و پەرلەمانتارانی شیعە بۆ بەرژەوەندیی تەسك سازش لەسەر مافی كەسانی بێتاوان دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل