"دوو فڕۆكەی بۆمبهاوێژی ستراتیجیی ئەمەریكی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی میلیشیاكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن"

:: PM:09:45:28/07/2024 ‌
گۆڤاری "ئێر ئاند سپەیس فۆرسس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا دوو فڕۆكەی بۆمبهاوێژی گەورەی لە جۆری B52 ناردووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش بۆ پاراستنی سعوودیە و ئەردەنە لە هەڕەشكانی هێزە میلیشیاكانی عێراقی نزیك لە ئێران لەسەر ئەو دوو وڵاتە. 

بەپێی بڵاوكراوەی گۆڤارەكە كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی زانیاری و راپۆرت و هەواڵی تایبەت بە هێزی ئاسمانیی ئەمەریكا، ئەو دوو بۆمبهاوێژە B52ەی نێردراوەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامانج لێی پاراستنی سعوودیە و ئەردەنە لە بنكەی ئاسمانیی رۆمانیاوە دوای 32 سەعات هەڵفڕین گەیشتووەتە سعوودیە. 

بەپێی زانیارییەكانی گۆڤارە ئەمەریكییەكە، یەكێك لە فڕۆكەكان بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە بەناچاری لە بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە قەتەر نیشتووەتەوە. سەرچاوەیەكیش لە پنتاگۆنەوە بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی راگەیاندووە، ئامانج لە ناردنی ئەم فڕۆكانە نمایش و نیشاندانی هێزەكانی ئەمەریكایە بە ئێران و هاوپەیمانەكانی، هاوكات دووپاتكردنەوە و دڵنیاییە بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا لە ناوچەكە. 

گۆڤارەكە ئاماژەیشی داوە، دوو فڕۆكە بۆمبهاوێژەكە دوای سەردانی بنیامین نەتەنیاهۆ گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش دوای ئەوەی كە نەتەنیاهۆ لە بەردەم كۆنگرێسدا نیگەرانیی خۆی لەو هەڕەشانە دەربڕی كە مەترسین بۆ سەر سعوودیە و ئەردن كە لەلایەن ئێران و حووسییەكان و میلیشیا نزیكەكانی ئێران لە عێراقەوە دەكرێن. 

لای خۆشییەوە ماڵپەڕی "هێزەكانی ئاسمانی"ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، فڕۆكەی بۆمبهاوێژی ستراتیجی بە 32 سەعات لە ئاسمانی ئەوروپاوە گەیشتووەتە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەیش دوای ئەو دوو هێرشە دێت كە لە 25 و 26ی ئەم مانگەدا لە عێراق و سووریا كرایە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لەو دوو وڵاتە.


وشە - پۆڵا مەحموود