ئەمەریكا: حزبوڵا هێرشەكەی جۆلانی ئەنجام داوە

:: PM:10:06:28/07/2024 ‌

دوێنێ مووشەكێكی حزبوڵای لبنانی یاریگەیەكی تۆپی پێی لە گوندی مەجدەل شەمس لە ناوچەی جۆلانی ئیسرائیلی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە 12 كەس كوژران و زیاتر لە 30ی تر بریندار بوون، ئیسرائیل دوای هێرشەكە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە حزبوڵا داوە، ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە حزبوڵا هێرشەكەی ئەنجام داوە و ئێستە كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دیپلۆماسی بۆ ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و لبنان دەكەن.

ئەدریان واتسۆن، گوتەبێژ بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا گوتی، هێرشەكەی مەجدەل شەمس لەلایەن حزبوڵاوە ئەنجام دراوە، مووشەكەكە هی ئەوانە و لە ناوچەیەكی ژێر كۆنترۆڵیان هەڵدراوە، لە دوای هێرشەكەوە كۆشكی سپی خەریكی گفتوگۆی بەردەوامە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و لبنانی، كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دیپلۆماسی بەدرێژایی هێڵی شین دەكەین بۆ كۆتاهێنان بە تەواوی هێرشەكان و رێگەخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی هەردوو دیوی سنوورەكان بۆ ناوچەكانیان. 

پێشتریش ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لەوە كردەوە كە دوای هێرشە مووشەكییەكەی جۆلان، نایەوێ ململانێ لە ناوچەكە پەرە بستێنێت، ئەو بەرپرسیارەتی هێرشەكەی خستە ئەستۆی حزبوڵا و ئاشكرای كرد كە وڵاتەكەی لەوبارەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەكات.   

دوای رووداوەكەی مەجدەل شەمس كە 12 كەسی تیادا كوژرا، ئەفیغای ئادرعی، گوتەبێژ بە ناوی سوپای ئیسرائیل گوتی، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن حزبوڵا مووشەكێكی جۆری "فەلەق1"ی بەرەو ناوچەكە هەڵداوە، كە هیچ رێكخراوێكی تر لە لبنان جگە لە حزبوڵا ئەو مووشەكەی نییە، بۆیە حزبەكە لەو كوشتارگەیە بەرپرسە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل