لەوكاتەی حكوومەتی عێراق وا خۆی پێشان دەدات كە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا دەكات بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا، دووپاتی دەكاتەوە كە چیتر پێویستییان بەوان نییە و هێزەكانی عێراق توانای بەرگریكردنیان لە وڵات هەیە، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە تا ئێستە عێراق لەو ئاستە نییە كە ئەو داوایە بكات، تەنانەت كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا گەورەترین مەرسییە بۆ سەر عێراق، شیعەكان بۆ داپۆشتی بێتواییان لەو بارەوە باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەر هەرێمی كوردستان لەگەڵ كشانەوەی ئەمەریكا نییە.
ئیبراهیم سكینی، ئەندامێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەگەر بەغدا بڕیاری كۆتاهێنان بە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا بدات، ئەوان لە هەرێمی كوردستان ناڕۆن، چونكە هەرێم ئەمەریكا بە هاوبەشێكی تەناهی و سیاسی و ئابووری دادەنێت و لە هەڕەشە تەناهییە دەرەكییەكان دەیپارێزێت، بۆیە هێزە سیاسییە كوردی و سوننەكانیش نایانەوێ ئەمەریكا لە عێراق بچێتە دەرەوە.
سەعد موتەلبی، ئەندامێكی تری دەوڵەتی یاسا هێرش دەكاتە سەر حكوومەتی عێراق و دەڵێت، شاندی گفتوگۆكاری عێراق لە واشنتن باسی كۆتاهێنانی بە بوونی ئەمەریكا لە عێراق نەكردووە، بەڵكو دۆسییەكەیان ئاڵۆزتر كردووە، چونكە شاندەكە واژووی لەسەر كڕینی چەك تەنیا لە ئەمەریكا كردووە.
روونی كردەوە، ئەمەریكا عێراقی بە پارەیەكی زۆر بەستووەتەوە و ئەمڕۆش شاندی عێراق لە واشنتن لەبری ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كۆتاهێنان بە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا بكات، ئەمەریكا مەرجی خۆی بەسەریان سەپاندووە بەوەی تەنیا چەك لە ئەمەریكا بكرن، بۆیە پێویستە حكوومەت و ئەو شاندە لەلایەن پەرلەمانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
ئەوە لەوكاتەی ئەحمەد شەریفی، شارەزای سەربازی و تەناهی دووپاتی كردەوە، ئەو چەكدارانەی داعش كە هەسەدە لە سووریا ئازادی كردوون و زۆرینەی عێراقین، ئەگەر دزە بكەنە ناو عێراق لە ناوچە دوورە دەست و بۆشاییەكان بڵاو دەبنەوە، كە عێراق توانای كۆنترۆڵكردنی ئەوانەی نییە، ئەوەش پێویستی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا زیاتر دەكات، چونكە بە نەبوونی هێزەكانی ئەمەریكا، عێراق دەكەوێتە ناو مەترسی گەورەوە رەنگە داعش بگاتەوە ناوچەكانی پێشووی.
روونی كردەوە، بۆیە دۆخەكە پێویستی بە هۆشیاری و دانایی و پەلەنەكردن و خوێندنەوەیەكی باش بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر ناوخۆی وڵات هەیە، پێشم وایە شاندنی سەربازی عێراق كە سەردانی واشنتنی كرد، ئەو راستییانەی بۆ روون كرایەوە و شاندەكە بەو دیدەوە گەڕایەوە.