سەركۆماری توركیا دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە، پێویستە وڵاتەكەی دەسەڵاتەكانی بەهێزتر بكات، بۆ ئەوەی بتوانن شەڕانگێزییەكانی ئیسرائیل لە بەرانبەر فەلەستین دوور بخەنەوە. گوتیشی، چۆن چووینە ناو قەرەباغ و لیبیاوە، بەهەمان شێوە دەتوانین بچینە ناو ئیسرائیلیشەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 28ی تەمووزی 2024، لەمیانی گوتارێكیدا لە كۆبوونەوەی لقی حزبی داد و گەشەپێدان لە ویلایەتی "ریزە" لە باكوری رۆژهەڵاتی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، چۆن توانیمان بچینە ناو قەرەباخ و لیبیا، بە هەمان شێوە دەتوانین بچینە ناو ئیسرائیلیش، ئاماژەیشی كرد كە هیچ شتێك رێگر نییە لەوەی ئەمە ئەنجام بدەن، تەنیا ئەوە نەبێت كە دەبێت هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بەهێز بن بۆ ئەم مەبەستە.
لەمیانی گوتارەكەشیدا، ئەردۆغان ئاشكرای كرد كە مەحموود عەباسی سەرۆكی فەلەستینیان بانگێشت كردووە بۆ ئەوەی گوتارێك لە پەرلەمانی توركیا پێشكەش بكات، بەڵام بەداخەوە وەڵامی ئەرێنی نەداوینەتەوە. ئاماژەیشی كرد، پەرلەمانی توركیا كراوەیە بەڕووی هەموو ئەو كەسانەی كە لەسەر رێگەی راستن.
ئەم قسانەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، كە لە حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە ئیسرائیل جەنگی لە غەزە بەرپا كردووە، بەهۆیەوە تا ئێستە 130 هەزار فەلەستنی كوژراون و زیاتر لە 10 هەزار كەسیش بێسەروشوێنن.