ئیسرائیل لە وەڵامی هەڕەشەكانی ئەردۆغان: سەدام حوسێنت بیر ماوە كە هەڕەشەی دەكرد چۆن كۆتایی هات؟

:: AM:12:10:29/07/2024 ‌
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە وەبیرهێنانەوەی هەڕەشەكانی "سەدام حسێن" وەڵامی هەڕەشەكانی سەركۆماری توركیای دایەوە كە باسی لە هێرش كردنە سەر ئیسرائیل كردبوو. 

یەكشەم، 28ی تەمووزی 2024 "ئیسرائیل كاتز" وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تویتێكدا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وێنەیەكی سەدام حسێنی سەرۆكی دیكتاتۆری پێشووی عێراقی داناوە و لەگەڵ وێنەكەدا نووسیوویەتی، ئەردۆغان شوێنپێی هەڵەكانی سەدام حوسێن هەڵدەگرێت و هەڕەشەی هێرش كردنە سەر ئیسرائیل دەكات، تەنیا ئەوەندەت لەبیر بێت هەڕەشەكانی سەدام حوسێن بەرەو كوێ چوون و چۆن كۆتاییان هات. 

جێگەی ئاماژەیە، ئەم تویتەی كاتز دوای ئەوە دێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی گوتارێكدا لە لە كۆبوونەوەی لقی حزبی داد و گەشەپێدان لە ویلایەتی "ریزە" لە باكوری رۆژهەڵاتی توركیا گوتی، چۆن توانیمان بچینە ناو قەرەباخ و لیبیا، بە هەمان شێوە دەتوانین بچینە ناو ئیسرائیلیش، ئاماژەیشی كرد كە هیچ شتێك رێگر نییە لەوەی ئەمە ئەنجام بدەن، تەنیا ئەوە نەبێت كە دەبێت هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بەهێز بن بۆ ئەم مەبەستە. 

لەمیانی گوتارەكەشیدا، ئەردۆغان ئاشكرای كرد كە مەحموود عەباسی سەرۆكی فەلەستینیان بانگێشت كردووە بۆ ئەوەی گوتارێك لە پەرلەمانی توركیا پێشكەش بكات، بەڵام بەداخەوە وەڵامی ئەرێنی نەداوینەتەوە. ئاماژەیشی كرد، پەرلەمانی توركیا كراوەیە بەڕووی هەموو ئەو كەسانەی كە لەسەر رێگەی راستن.


وشە - پۆڵا مەحموود