میدیاكانی ئیسرائیل ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە، لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیلییەوە، شارۆچكەیەكی باشووری لبنان بۆردمان كراوە و تا ئێستە بە دروستی نازانراوە زیانەكانی چی بوون.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 29ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی دەستەی بڵاوكردنەوە لە ئیسرائیل، دوای ئەوەی پێرێ حزبوڵای لبنان شارۆچكەی مەجدەل شەمسی دایەبەر مووشەك و بەهۆیەوە 12 ئیسرائیلیی سڤیل كوژران، ئیسرائیلیش هەڕەشی وەڵامدانەوەی كردووە. شەوی رابردوو شارۆچكەی عەیتەروونی لە باشووری لبنان بۆردمان كردووە.
ئاماژە بەوەش دراوە كە هاوكات ئیسرائیل شارۆچكەی مەركەبای باشووری لبنانی بۆردمان كردووە و تا ئێستە نازانرێ زیانی بۆردمانەكانی شەوی رابردوو چی بووە.
دوای هێرشەكەی حزبوڵا كە بووە هۆی كوژرانی 12 منداڵ و ژنی ئیسرائیلی، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیران و یواف گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بڕیاری وەڵامدانەوەی حزبوڵایان دا، بەڵام كات و شوێنی وەڵامدانەكەیان ئاشكرا نەكرد.
ئەوە لە كاتێكدایە حزبوڵا رەتی كردەوە هێرشەكەی سەر شارۆچكەكەی ئیسرائیل ئەوان بووبن، بەڵام ئیسرائیل بە بەڵگەوە ئاشكرای كردووە كە ئەو مووشەكانەی ئاراستەی ئیسرائیل كرابوون، دروستكراوی ئێرانن و حزبوڵا ئاراستەی ئیسرائیلی كردووە.