بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق كە بڕیارە ساڵی داهاتوو ساز بكرێت، هێزە شیعەكان لە كێبەركێیەكی گەرمدان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵ دەدات لە رێگەی پەرلەمانەوە بانگەشە بۆ خۆی بكات، رەوتی سەدریش ماوە ماوە لە رێگەی موقتەدا سەدرەوە شەقامی شیعە بۆ هەڵوێستی دیاریكراو هان دەدات، لە نوێترین هەڵوێستیدا داوای بایكۆتكردنی كاڵا ئەمەریكییەكان دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە بایكۆتكردنی كڕین و فرۆشتنی كاڵا ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان،
موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر لە پۆستێك وەڵامی دایەوە بەوەی بەڵێ پێویستە هەموو ئەوانەی بڕوایان بە دۆزی فەلەستین و هەموو مرۆڤدۆست و ئەوانەی كوشتارە بە كۆمەڵەكانی غەزە و قەوارەی ئیسرائیل و تاوانكارییەكانی خۆی و ئەمەریكا رەت دەكەنەوە، پێویستە بایكۆتی هەموو بەرهەمەكانی پاڵپشت بۆ ئیسرائیل و ئەمەریكابكەن، چونكە ئەو كارە رەزامەندیی خوا و موسڵمانانی لە دواوەیە.
سەدر شێوازی بایكۆتكردنەكە زیاتر روون دەكاتەوە و دەڵێت، هەموو ئەوانە لە رێگەی بایكۆتكردنی ئاشتییانەوە دەبێت بە نەفرۆشتن و نەكڕینییان، تەنانەت بەكارنەهێنانیشیان، لە رێگەی توندوتیژیش نا وەك هەندێك لایەن دەیانەوێ بۆ سوودی كەسی و حزبیی خۆیان عێراق تێك بدەن، بۆیە هەموومان بایكۆتكارین.