لە سەرەتای دەست پێكردنی شەڕی غەزە ئەمەریكا بەتایبەتی ئیدارەی بەرەی لبنانی سنوورەكانی ئیسرائیل دەدات، رێگری لە كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ لە لبنانەوە دەكات، دوای هێرشە مووشەكییەكەی حزبوڵا بۆ سەر گوندێكی جۆلان و كوشتنی 12 كەس، ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەی داوە، گوتەبێژ بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل مافی وەڵامدانەوەی هەیە، بەڵام كەس نایەوێ شەڕەكە فرەوانتر بێت.
جۆن كێربی، گوتەبێژ بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رای گەیاند، ئیسرائیل تەواوی مافی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی حزبوڵای هەیە، هاوكات كەس نایەوێت شەڕێكی فرەوان دروست ببێت و متمانەم بەوە هەیە دەتوانین خۆمان لەو شەڕە لابدەین، هاوكات هیچ ئاماژەیەك نییە هێرشەكەی حزبوڵا كار لە گفتوگۆی ئازادكردنی بارمتەكان دەكات و ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن.
لەوكاتەی حزبوڵا خۆی بۆ هێرشێكی توندی ئیسرائیل ئامادە دەكات و چەند شوێنێكی لە نزیك سنوورەكانی ئیسرائیل چۆڵ كردووە، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی ئێران وریایی لە ئەنجامی هەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان دا، ئەو بە تەلەفۆن بە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسای گوت كە كە هەر هێرشێكی ئیسرائیل ئەنجامی گەورەی دەبێت.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ دووشەم وەزیری دەرەوەی قوبرس رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و دوورخستنەوەی هاووڵاتییانی بیانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر دۆخی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل زیاتر پەرە بستێنێت، كاتێك پێشتر لە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵا لە 2006 قوبرس بۆ دوورخستنەوەی هاووڵاتییانی بیانی لە لبنان بەكار هات.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییانی كرد بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ئیسرائیل و حزبوڵاوە بە پەلە خاكی لبنان جێبێڵن، ئەوە لەو كاتەی پێشتر ئەمەریكا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا داوایان لە هاووڵاتییانیان كرد گەشت بۆ لبنان نەكەن و ژمارەیەك كۆمپانیای فڕۆكەوانیش گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ لبنان هەڵپەسارد.