چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەبێتەوە

:: PM:08:25:29/07/2024 ‌

بڕیارە ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە بەغدا بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگ بكەن، لەوانە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك، كە ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە پەكی كەوتووە.

ئێستە عێراق بە دەست چەندان تەنگژەی نوێوە دەناڵێنێت، جیا لەوانەی ساڵانێكە هەن و كەڵەكە بوونە، لەگەڵ هاتنەپێشەوەی هەر كێشەیەكی گەورە كە هەڕەشە لە دەسەڵاتی شیعە لە عێراق بكات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی زوو كۆ دەبێتەوە، ئەوەی دێتە راگەیاندن جیاوازە لەوەی لە كۆبوونەوەكان باسی دەكەن.

وەك سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژەی بۆ كرد، ئەمشەو چوارچێوەكە بە ئامادەبوونی سەركردەكانی و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی بابەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی وادەیەك بۆ سازكردنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك دەكرێت، روونی كردەوە، هەروەها لە كۆبوونەوەكە باسی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی هەردوو پارێزگای دیالە و كەركووك دەكرێت، جیا لە دۆسیەی لەشكركێشیی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق.

جیا لەوانەی سەرەوە ئەگەری زۆرە لەو دانیشتنە باسی ئەنجامی گفتوگۆكانی شاندی باڵای سەربازیی عێراق لە واشنتن و بابەتی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر دۆخی عێراق بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل