هەسەدە بەرەو دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەچێت

:: PM:10:47:29/07/2024 ‌

خۆسەریی رۆژئاوا بەرەو دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە سووریا دەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیار بوو لە ناوەڕاستی ئەم مانگە سازی بكات، بەڵام بۆ مانگی داهاتووی دوا خست، ئێستەش قسە هەیە بەوەی بۆ كاتێكی نادیار دوای دەخات، بەپێی زانیارییەكان هۆكاری ئەو بڕیارە بۆ توڕەنەكردنی توركیا و رێگرتن لە هێرشی سەربازی ئەو وڵاتەیە بۆ ناوچەكانی هەسەدە.

بەپێی میدیاكانی نزیك لە خۆسەری، ژمارەیەكی حزبی سیاسی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا لەسەر داواكردنی دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان رێك كەوتوون، كە بڕیارە لە مانگی ئابی داهاتوو بێتە سازكردن، واتە دواخستنی بۆ كاتێكی نادیار و تا كاتی گونجانی دۆخەكە، كە زانیاری هەبوو بەوەی توركیا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی كردبوو بۆ رێگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە، جیا لەوەی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا پێی رازی نەبوونە.

هەریەك لە ئەنقەرە و دیمەشق لەبارەی هەسەدەوە یەك ئامانج كۆیان دەكاتەوە، یەكەمیان دەیەوێ بۆ نەهێشتنی مەترسییەكانی لەسەر سنوورەكانی باشووری لە ناوی ببات، دووەمیشیان دەیەوێ ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە كە بە نەوت دەوڵەمەندن بیانگەڕێنێتەوە، بۆیە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە ئەگەری زۆر بوو سووریا هێرش بكاتە سەر ناوچەكە، بۆیە ئەگەرچی هەریەك لە رووسیا و ئەمەریكا بە گۆڕینی نەخشەی هێز لەسەر زەوی رازی نین، بەڵام ئەگەری زۆر بوو ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت توركیا هێرش بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل