فەرمانبەرانی پەروەردەی عێراق بڕێك پارە لە مووچەكانیان دەبڕدرێت

:: PM:11:04:29/07/2024 ‌
وێڕای ئەوەی عێراق بەهۆی نەوتی زۆر و داهاتە بێشومارەكەیەوە، ژێرخانی پەروەردەیی و باڵەخانەكانی وێرانن، لە نوێترین بڕیاری حكوومەتی عێراقدا، فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بڕێك پارەیان لێ دەبڕدرێت و چەندان قوتابخانە و باخچەی ساوایان بە پارەی فەرمانبەران دروست دەكرێت. 

ئەمڕۆ دووشەم 29ی تەمووزی 2024، وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی لێبڕینی بڕێك پارە لە فەرمانبەر و كادرانی پەروەردەیی بڵاوی كردووەتەوە، ئەم لێبڕینە تەواوی فەرمانبەرەكان ناگرێتەوە، تەنیا فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە نەبێت كە هەڵمەتی نیشتمانیی دروستكردنی قوتابخانە و باخچەی منداڵان تیایدا جێبەجێ دەكرێت. 

روونكردنەوەكەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق تیایدا هاتووە، بڕیارەكە پشتبەستە بە مادەى یەک لە یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2019، كە رێگە بە لایەنی حكوومی دەدات لێبڕین لە مووچە و شایستەی دارایی فەرمانبەرانی بكات لە پێناو هەڵمەتی نیشتمانیدا. 

بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە، هەر فەرمانبەرێك بەپێی بارودۆخی ناوچەكە و بەڕێوەبەرایەتییەكەی لە نێوان چوار هەزار دینار تا 10 هەزار دینار لێبڕین لە مووچەكەی دەكرێت لە پێناو دروستكردنی چەند قوتابخانە و باخچەیەكی منداڵان. 

ئەم بڕیارەی حكوومەتی عێراق و وەزارەتی پەروەردە لە كاتێكدایە، بەپێی ئامار و راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە دوای 2003 تا 2021، لانیكەم 500 ملیار دۆلار لە سامانی عێراق بە تاڵان بردراوە بە گەندەڵی و سوودی لێ نەبینراوە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی عێراق.


وشە - پۆڵا مەحموود