نوجەبای عێراق: ئاگربەستمان لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا بە كۆتا هات

:: AM:10:34:30/07/2024 ‌
ئەندامێكی میلیشیای "نوجەبای عێراقی" ئەمڕۆ رای گەیاند، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاگربەستی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا بە كۆتا هێنا. مەبەستیش ئیتر ئەو میلیشیانە بەرانبەر بە هێزەكانی ئەمەریكا دەستكراوە دەبن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 30ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، مەهدی كەعبی ئەندامی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی كە میلیشیایەكە سەربە ئێران رای گەیاند، پێشتر وەك مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاگربەستمان بۆ لێدانی هێزەكانی ئەمەریكا جێبەجێ كرد، بەڵام لە ئێستە بەدواوە ئەو ئاگربەستە بە كۆتا هات و دەستكراوە دەبین.

ئەو بزووتنەوەیە سەربە حەشدی شەعبییە و لە مانگی فێبرایەری 2024، ئاگربەستی بەرانبەر بە هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە راگەیاندبوو، بەڵام وەك ئەو ئەندامەی بزووتنەوەكە رای گەیاند، ئاگربەست بەرانبەر بە هێزەكانی ئەمەریكا بە كۆتا هات.

مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق كە نوجەبا سەربەو مقاوەمەیە، پێشتر چەندان جار بە مووشەك هێرشیان كردووە سەر ئیسرائیل و هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بەڵام هێرشەكانیان زیانی ئەوتۆی نەبووە.

لە فێبرایەری رابردوو ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی نوجەبا، ئاگربەستی بەرانبەر بە هێزەكانی ئەمەریكا راگەیاند.

پێشتریش كە میلیشیاكانی نوجەبا و حزبوڵای عێراق و سەربازگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، لەلایەن فڕۆكەی جەنگی و درۆنەوە كرابوونە ئامانج و ژمارەیەكیان لێ كوژرا، ئەویش دوای ئەوەی مقاوەمە چەند جارێك بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكای لە ناوچەكە كردە ئامانج.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د