ئێران لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات

:: PM:04:02:30/07/2024 ‌
کەمال خەرازی راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە رای گەیاند ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لبنان ئەوا وەڵامێکی زۆر توند دەدرێتەوە.

ئەو رەتی کردەوە کە هێرشەکەی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان حزبوڵا کردبی کە بەهۆیەوە لانی کەم 12 کەس کوژران و دەیانی تر بریندار بوون. 

خەرازی پێی وایە ئەمە پیلانێکە لە لایەن ئیسرائیل خۆی داندراوە و ئامانجی ئیسرائیل ئەوەیە جەنگەکە بەرفراوانتر بکات.

پێی گوت باشترین رێگە چارە ئەوەیە کۆتایی بە جەنگی غەزە بهێنێت.
ئەو ئامۆژگاری بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوت باشترین رێگە چارە ئەوەیە کۆتایی بە جەنگی غەزە بهێنێت.

چەند رۆژێکە ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی گورزێکی کاریگەر لە حزبوڵا بوەشێنێت و تۆڵە بستێنێتەوە بەڵام دیار نییە کەی هێرشەکە دەکات هەرچەندە لە لایەن ئەمەریکاوە ئاگادار کراوەتەوە بە هیچ شێوەیەک بەیرووت نەکاتە ئامانج.

ترسەکەی ئەمەریکا ئەوەیە شەڕەکە بەرفراوانتر بێت و ئەو وڵاتە بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و بە تایبەتی دیموکراتەکان حەز ناکەن جەنگەکە لەمە زیاتر پەرە بستێنێت.


وشە - سلێمان تاشان