سەرچاوەكانی نزیك لە حزبوڵا: حاجی موحسین نەكوژراوە

:: PM:09:43:30/07/2024 ‌

ئەمشەو ئیسرائیل وەڵامی هێرشی حزبوڵای بۆ سەر یاریگەكەی تۆپی پێی گوندی مەجدەل شەمس لە جۆلان دایەوە، كاتێك درۆنێكی ئیسرائیلی بە سێ مووشەك بۆردمانی پێگەیەكی حزبوڵای لە باشووری بەیرووت كرد و فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی حزبوڵای كردە ئامانج، سەرچاوەكانی نزیك لە حزبەكەش دووپاتی دەكەنەوە كە فەرماندە بەئامانجگیراوەكەیان نەكوژراوە.

ئەمشەو ئیسرائیل رای گەیاند كە لە باشووری بەیرووت، فوئاد شوكر ناسراو بە "حاجی موحسین"، گەورە راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای بە سێ مووشەك كردووەتە ئامانج، بەڵام چارەنووسی نازانن، ئەو بەرپرس بووە لە هێرشەكەی مەجدەل سەمس، ئەگەر حزبوڵا وەڵامی هێرشەكەیان نەداتەوە ئەوە تۆڵەی خۆیان لە هێرشەكە كردووەتەوە و دەوەستن.

دوای هێرشەكەی ئیسرائیل سەرچاوە نزیكەكان لە حزبوڵا ئاماژەیان كرد كە شوكر لە هێرشەكە رزگاری بووە، ئاژانسی "فرانس پرێس" لە سەرچاوەیەكی نزیك لە حزبەكەی گواستەوە كە فەرماندە سەربازییەكەیان لە هێرشەكەی ئیسرائیل رزگاری بووە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانیش دووپاتی كردەوە كە هەوڵی كوشتنی فوئاد شوكر شكستی هێناوە.

هەر دوای هێرشەكە و بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان لە بەیرووت ئاماژە بۆ كوژرانی ژنێك و برینداربوونی 14 كەسی تر لە هێرشەكە دەكەن، میدیاكانی نزیك لە حزبوڵاش دەست پێكردنی هێرشی درۆنی بۆ سەر ناوچەی جەلیل راگەیاند.


     






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل