ئەمەریكا هێرشی ئاسمانیی كردە سەر حەشدی شەعبی لە بابل

:: PM:11:09:30/07/2024 ‌
كەناڵی سوپای پاسدارانی ئێران لە تلیگرامیی هەواڵیی خۆیان بڵاویان كردەوە كە هێرشێكی ئاسمانی لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمەریكا كراوەتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە بابل، لای خۆشییەوە بەشێك لە ماڵپەڕە عێراقییەكان كوژرانی حەوت ئەندامی حەشدیان پشتڕاست كردووەتەوە بەهۆی هێرشەكە. 

ئەمشەو سێشەم 30ی تەمووزی 2024، پێگەی هەواڵیی "رابیعە"ی عێراقی و چەند سەرچاوەیەكی تری هەواڵیی عێراقی بەجیا هەواڵی هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكییان بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە بابل بڵاو كردووەتەوە. 

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار كە قسەی بۆ یەكێك لە ماڵپەڕە عێراقییەكان كردووە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكەدا كوژراو و بریندار لەناو ریزی چەكدارانی حەشدی شەعبی هەیە. 

ئەم هەواڵانە لە كاتێكدایە، هێشتا هیچ لایەنیكی فەرمی هێرشە ئاسمانییەكەی نەگرتووەتە ئەستۆی خۆی و راگەیەنراوی فەرمی لەلایەنی عێراقی و ئەمەریكییەوە بڵاو نەكراوەتەوە، ئەم هێرشەیش دوای ئەوە دێت كە لە 26 و 27ی ئەم مانگە لە سووریا و عێراق هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لەم دوو وڵاتە لەلایەن میلیشیاكانەوە كرانە ئامانج.


وشە - پۆڵا مەحموود