دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر لبنان و فەرماندەیەكی باڵای حزبوڵای لە باشووری بەیرووت كردە ئامانج و تا ئێستە بە فەرمی چارەنووسی دیار نییە، لەناو بوونی زانیاریی ئیسرائیلی و لبنانی بە كوژرانی ئەو بەرپرسەی حزبوڵا، چاودیران دووپاتی دەكەنەوە كە دۆخەكە روو لە ئاڵۆزییە.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەم درۆنێكی ئیسرائیلی فوئاد شوكر، راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لە باشووری بەیرووت كردە ئامانج، میدیاكانی ئیسرائیلی دووپاتی دەكەنەوە كە تا دێت زانیارییەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەو كوژراوە، تا ئێستە حزبوڵا بە فەرمی هیچی رانەگەیاندووە، بەڵام دوای هێرشەكە رایان گەیاند كە فەرماندەكەیان رزگاری بووە.
بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكانی لبنان لەو هێرشەدا كە تەلارێكی لە نزیك بارەگەی ئەنجوومەنی شورای حزبوڵای لە باشووری لبنان كردووەتە ئامانج، سێ كەس كوژراون و 25ی تریش بریندارن و زیانێكی گەورەش بە ناوچەكە گەیشتووە، سەرچاوە ئیسرائیلی و لبنانییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە فوئاد شوكر كوژراوە.
ئێستە دۆخەكە چاوەڕوانی دوو شتە، یەكەمیان راگەیاندنی فەرمیی حزبوڵا بە كوژران یان نەكوژرانی فەرماندە سەربازییەكەی، كە بە كەسی دووەمی ئەو حزبە لە دوای حەسەن نەسروڵا دادەنرێت، دووەم وەڵامدانەوەی حزبەكەی بۆ ئیسرائیل چی دەبێت، بەتایبەتی كە ئیسرائیل خۆی بۆ ئامادە كردووە و ئەمەریكاش هەڕەشەی كردووە بەوەی بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە ئیسرائیل دەكات، بۆیە هەڵوێستی حزبوڵا سەختە لە نێوان وەڵامدانەوەی هێرشەكە یان وەڵام نەدانەوە و قبووڵكردنی ئەو گورزە گەورە و قوتدانەوەی توڕەییەكەی وەك جارانی پێشوو.