ئەمشەو دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە بابل بیسترا كە سەرەتا بەشێك لە میدیا عێراقییەكان بە هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكی باسیان كرد و بەشێكی تریش هێرشی درۆنیی، بەڵام لەوە دەچێت بۆردمانەكە بەشێوەیەك كرابێت كە نەك میدیاكان، حەشدی شەعبیش تا ئێستە نەگەیشتوونەتە ئەنجام كە چۆن لێیان دراوە یان هێرشیان كراوەتە سەر.
كەمێك پێش ئێستە بەپێی راگەیەنراوێكی حەشدی شەعبی، ئەمشەو سەعات نۆ و نیو 30ی تەمووز، بارەگای لیوای 47ی حەشدی شەعبی - ئۆپراسیۆنەكانی جەزیرە لە پارێزگای بابل بەهۆكارێكی نادیار تووشی تەقینەوە بوو.
لە راگەیەنراوەكە ئاماژە دراوە كە لە ئەنجامی تەقینەوەكەدا كوژراو و بریندار لە ریزەكانی ئەندامانی حەشد هەن.
ئەم رووداوە نەزانراوەی ئەمشەو دوای ئەوە دێت كە لەلایەن میلیشیاكانەوە لە 26 و 27ی ئەم مانگە لە سووریا و عێراق بنكە و بارەگاكانی ئەمەریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان كرانە ئامانج.