دوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەكەیان كرد، چونكە هەنییە لەسەر خاكی ئەوان كوژراوە، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە دەكات وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە شێوەی ئۆپراسیۆنی تایبەت دەبێت.
وەك ئاژانسی
"تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی كردەوە، نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس سەبارەت بە وەڵامدانەوەی تاران بۆ كوژرانی هەنییە ئاماژەی كردووە، بە شێوەی ئۆپراسیۆنی تایبەت دەبێت، بەڵام ئەوەندە بە ئازار دەبێت كە پەشیمانبوونەوەی بۆ ئیسرائیل تیادایە.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارئەم ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە تاران لایەن ئیسرائیلەوە كوژرا، ئێران لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەست پێ كردووە بەوەی دوای تەواوبوونی ئەنجامەكان رابگەیەنێت، هەرچی ئیسرائیلە هیچ شتێكی فەرمی باس نەكردووە، بەڵام میدیاكانی ئەو وڵاتە دەڵێن مووشەكەكە لەناو ئێران هەڵدراوە، سوپای پاسدارانی ئێرانیش وەك هەموو جارێك هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات.
شارەزایان دەڵێن، كوژرانی هەنییە لە تاران گورزێكی بەهێز بوو بۆ ئێران و لاوازیی بەرگریی ئاسمانی ئێران و تەكنۆلۆجیای ئێرانی لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی دەرەوە پێشان دەدات، شەقێكی بەهێز بوو بۆ قەوارەی سیاسیی ئێران، كە لافێكی زۆری بە پاڵپشتیكردنی حەماس و پاراستنی سەركردەكانی لێ دەدا.
دووپاتی دەكەنەوە كوژرانی هەنییە شەرمەزارییە بۆ ئێران و هەوڵێكە بۆ پاڵنانی بۆ وەڵامدانەوە و دۆخەكە زیاتر پەرە پێ دەدەن، بەڵام تاران ناخزێتە ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، چونكە خاوەن پشووێكی درێژە و ئەوەی رووی دا بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیقۆزێتەوە لە رێگەی هاندانی جەماوەری و نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل و ئەمەریكا.
ژمارەیەكی تر لە شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە بەوەی كردنەئامانجی هەنیە دەبێتە سەرەتای شەڕێكی كراوە و سەرانسەری، ئەگەر ئیسرائیل دووچاری هێرشێكی گەورە هاتەوە، بەڵام ئێران ناتوانێت بەرەیەكی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بكاتەوە، چونكە كوژراوەكە كەسایەتییەكی گرنگی ئێرانی نییە و تەنیا مێوانێكی بوو، بۆیە وەڵامدانەوەكەی لە رێگەی میلیشیاكانییەوە دەبێت، بەگشتی ناوچەكە لەكوڵاندایە و پێشبینی دەكرێ پلانێك بێت بۆ گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.