لە دانیشتنێكدا لە نێوان وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی هێسنی ئەڵمانیا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ کرا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، دووی ئاب، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ ڕۆمان پۆزێک وەزیری ناوخۆی هەرێمی هێسنی ئەڵمانیا کۆبووەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ کرا، بەتایبەتی لە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە بوارەکانی بەرزکردنەوەی تواناکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی و بەڵگەی تاوان و هەماهەنگی زیاتر بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵاخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە شاری ڤیسبادن بەڕێوە چوو، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و هێزی پێشمەرگە لە شەری دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین کە لەم پێناوەدا هەرێمی کوردستان زۆر قوربانی داوە.