ئەم هەفتەیە پرسی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا دەبێتەوە

:: PM:05:40:03/08/2024 ‌

لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە، كە بەركەوتەی هەڵبژاردنی پێكهاتەی سوننەیە و لە دوای دەركردنی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، سوننە نەیانتوانیوە سەرۆكێك دیاری بكەن، بەهۆی گرنگیی پۆستەكەوە ناكۆكیی گەورە هەیە، پەرلەمانتارێكی شیعە پێشبینی دەكات ئەم هەفتەیە پرسەكە یەكلا ببێتەوە.

دوای چارەسەربوونی پرسی پارێزگاری دیالە، كە شیعە ناكۆكییان لەسەر هەبوو، خەریكە پرسی پارێزگاری كەركووكیش یەكلا دەبێتەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەموو هێز و پێكهاتە براوەكان كۆبووەتەوە، ئەوانەش رەنگە رێخۆشكەر بن بۆ یەكلابوونەوەی پرسی سەرۆكی پەرلەمان.

محەمەد زیادی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوشارێكی زۆریان خستووەتە سەر پێكهاتەی سوننە بۆ یەكلاكردنەوەی خێرای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بۆیە گفتۆ و جموجۆڵێكی سیاسی لە نێوان هێز و فراكسیۆنەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە بەم زووانە هەیە.

روونی كردەوە، لە ماوەی ئەم هەفتەیە چەندان كۆبوونەوە و دانیشتن هەیە و ئەگەر و ویستێكی سیاسییانە و پەرلەمانییانە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە هەیە، ئەوەش پێشبینی كراوە، تەنانەت ئەگەر هێزە سیاسییە سوننەكانیش نەگەن بە سازان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل