دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئیسرئیل گورزێكی هاوبەشی لە بزووتنەوەی حەماس و ئێران دا و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەكەی لە تاران كوشت، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەكات كە لە هەر ساتێكدا وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە، بەرپرسێكی ئێرانیش شێوازی گریمانكراوەی وەڵامدانەوەی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات.
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، گومانی تیادا نییە ئێران وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە، وەڵامدانەوەكەش چەند تایبەتەمەندییەكی تیادایە، لەونە دەبێت بەهێز بێت و ئیسرائیل پەشیمان بكاتەوە و بەرپەرچدانەوەی تیادا بێت لەبیری نەكات.
زیاتر گوتی، وەڵامدانەوەكە زیرەكانە و لەكاتی گونجاوی خۆی و بەرپەرچدەر دەبێت، بەشێوەیەك دەبێت ئەمەریكا و ئیسرائیل لە كارەكەیان پەشیمان ببنەوە و دڵی دۆستانمان خۆش بكات، وەڵامێك دەبێت ئاسایشی ناوچەكە و سەقامگیرییەكەی دەپارێزێت و بەرەی بەرگریكاریش لە كارەكانیان بەردەوام دەبن.
شارەزایان دەڵێن، كوژرانی هەنییە لە تاران گورزێكی بەهێز بوو بۆ ئێران و لاوازیی بەرگریی ئاسمانی ئێران و تەكنۆلۆجیای ئێرانی لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی دەرەوە پێشان دەدات، شەقێكی بەهێز بوو بۆ قەوارەی سیاسیی ئێران، كە لافێكی زۆری بە پاڵپشتیكردنی حەماس و پاراستنی سەركردەكانی لێ دەدا.
دووپاتی دەكەنەوە كوژرانی هەنییە شەرمەزارییە بۆ ئێران و هەوڵێكە بۆ پاڵنانی بۆ وەڵامدانەوە و دۆخەكە زیاتر پەرە پێ دەدەن، بەڵام تاران ناخزێتە ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، چونكە خاوەن پشووێكی درێژە و ئەوەی رووی دا بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەیقۆزێتەوە لە رێگەی هاندانی جەماوەری و نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل و ئەمەریكا.
ژمارەیەكی تر لە شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە بەوەی كردنەئامانجی هەنییە دەبێتە سەرەتای شەڕێكی كراوە و سەرانسەری، ئەگەر ئیسرائیل دووچاری هێرشێكی گەورە هاتەوە، بەڵام ئێران ناتوانێت بەرەیەكی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بكاتەوە، چونكە كوژراوەكە كەسایەتییەكی گرنگی ئێرانی نییە و تەنیا مێوانێكی بوو، بۆیە وەڵامدانەوەكەی لە رێگەی میلیشیاكانییەوە دەبێت، بەگشتی ناوچەكە لەكوڵاندایە و پێشبینی دەكرێت ئەوەی روودەدات پلانێك بێت بۆ گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئێران و حزبوڵاش زۆر بەوریاییەوە مامەڵە دەكەن.