وەك ئاماژەیەكی بەهێز بۆ ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەكە و توندبوونی شەڕ و بۆردمانەكان لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و میلیشیاكانی، ئەمەریكا و بەریتانیا داوایان لە هاووڵاتییانیان كرد بەپەلە لبنان جێبێڵن.
باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەیرووت داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی كرد سەیری گەشتە ئاسمانییە بەردەستەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری لە بەیرووت بكەن، هانی ئەوانەی دا كە دەیانەوێ بڕۆن زوو بلێت ببڕن، تەنانەت ئەگەر بەپەلەش گەشت نەكەن.
بەپێی بەیاننامەكە ئەو هاووڵاتییە ئەمەریكییانەی پارەیان بۆ بلێت نییە، دەتوانن پێوەندی بە باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان بكەن بۆ وەرگرتنی یارمەتیی دارایی بە شێوەی قەرز تا دەگەنەوە ئەمەریكا، ئەو هاووڵاتییانەشی دەیانەوێت بمێننەوە، با خۆیان بۆ دۆخێكی فریاگوزاری و خۆحەشاردان بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئامادە بكەن، چونكە لە حاڵەتی بردنەدەرەوەی لەناكاویان رەنگە نەتوانرێت تەواوی خێزانەكانیان رزگار بكرێن، بۆیە وا باشترە هاووڵاتییان پشت بە خۆیان ببەستن بۆ جێهێشتنی بەپەلەی ئەو وڵاتە.
هەر ئەمڕۆ بەریتانیا بە هەمان شێوە و لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی ناوچەكە، داوای لە هاووڵاتییانی كرد بەپەلە لبنان جێبێڵن.
ئەمڕۆ شەموو وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا رای گەیان كە بوونی سەربازیی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی بڵاوكردنەوەی كەشتی و فڕۆكەی زیاتری سەربازی لە دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكەن، ئەو هەنگاوەش بۆ سووككردنی ئەگەری پەرەسەندنی دۆخەكەیە لەلایەن ئێران و میلیشیاكانییەوە.