دوای گورزە گەورەكەی ئیسرائیل لە بزووتنەوەی حەماس و ئێران و حزبوڵای لبنانی، بەر لەوانیش لە حوسییەكانی یەمەن، ئێستە ئەمەریكا گوشارێكی گەورەی خستووەتە سەر تاران، بەوەی نابێت وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بنەماكانی رووبەڕووبوونەوەی سنوورداری پێشوو دەربچێت، واشنتن لە رێگەی قاهیرەوە پەیامی بە تاران داوە و چەند خاڵێكی بۆ دیاری كردووە.
لەوكاتەی ئەمەریكا خەریكی كۆكردنەوەی هێزی زیاتری سەربازییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە و فرەوانبوونی شەڕی نێوان میلیشیكان و ئیسرائیل، گوشارێكی گەورەی خستووەتە سەر ئێران بۆ ددانبەخۆداگرتن و گرتنی جڵەوی میلیشیاكانی لە ئەگەری هەر كاردانەوەیەك كە دۆخی ناوچەكە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر ببات.
بەپێی زانیارییەكان لە چەند سعاتی رابردوو میسر خەریكی جموجۆڵە بە مەبەستی هێوركردنەوەی ئەو پەرەسەندنەی لەدوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران دروست بووە، میسر لەسەر هەردوو ئاستی دیپلۆماسی و تەناهی پێوەندی بە ئێرانەوە كردووە، جیا لە ئاڵۆگۆڕكردنی بۆچوونەكانیان، قاهیرە پەیامێكی ئەمەریكای بۆ تاران گواستووەتەوە بۆ دانانی سنوور بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانكراوی بۆ كوژرانی هەنییە و فوئاد شوكر، راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا لە بەیرووت.
بەپێی
زانیارییەكان قاهیرە وریاییەكەی واشنتنی بۆ تاران گواستووەتەوە لە ئەگەری كردنەئامانجی بەرپرس و دیپلۆماتكارانی ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكی ناوچەكە، جیا لە كردنەئامانجی شوێنە مەدەنی و بازرگانییەكانی ئیسرائیل، راستەوخۆ لە خاكەكەیەوە یان لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكەوە، بەڵام قاهیرە هیچ وەڵامێكی لە بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە رێوشوێنەكانی ئێران دەست نەكەوتووە و تەنیا ئێران گوێی بۆ پەیامەكان گرتووە، میسر داوای لە ئێران كردووە بۆ پەلەنەكردن و دیراسەتكردنی هەموو لێكەوت و كاریگەرییەكانی هەنگاوی داهاتووی، چونكە ناوچەكە وەك بەرمیلێك تەقەمەنی لێ هاتووە و هەر پرووشكە ئاگرێك ناوچەكە بە تەواوەتی دەتەقێنێتەوە.