هەفتەی رابردوو لە گەرمەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵای لبنانی و بزووتنەوەی حەماس، كە دوو فەرماندە و بەرپرسی باڵای هەردوو گرووپەكە لە تاران و بەیرووت كوژران، ئەمەریكا لە وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی هەفتەی پێش رابردووی سەر بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دایەوە و چەند پێگەیەكی میلیشیا عێراقییەكانی لە بابل كردە ئامانج، ئێستە ئێران و میلیشیاكانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و ئەمەریكا ئامادە كردووە، هاوكات ترسیان لەوە هەیە دۆخەكە لەدەست دەربچێت.
شارەزایانی سەربازی پێیان وای لەدوای كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی لە 2020، میلیشیا شیعەكان بوونەتە سێ بەش، بەشێكیان هاوهەڵوێستن لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بەشێكیان هاوهەڵوێستی سوپای پاسداران و نووسینگەی رابەری باڵای ئێرانن، بەشی سێیەمیان سەربەخۆ و بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان كار دەكەن.
هەفتەی رابردوو بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا 10 ئەندامی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە جورف سەخر لە پارێزگای بابل كوژران و بریندار بوون، جیا لە وێرانبوونی ژمارەیەك پێگەی ئەوان، ئەمڕۆ دوو سەرچاوەی نزیك هاوئاهەنگی بەرگریكارانی عێراق، ئەو گرووپەی حەوت میلیشیای چەكداری شیعە لەخۆ دەگرێت و هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا، ئاشكرایان كرد كە پێنجشەمی رابردوو ئەو میلیشیایانە كۆ بوونەتەوە و بڕیاریان داوە وەڵامی هێرشەكە بدەنەوە.
یەكێك لە سەرچاوەكان كە ئەندامێكی دیاری كەتیبەكانی حزبووڵایە گوتی، بێگومان وەڵاممان دەبێت، بەڵام چۆن و كەی و لەكوێ باسی ناكەین، سەرچاوەكەی تر گوتی، هەریەك لە گرووپەكانی عەسائیب ئەهلولحەق و جوندولئیمام و ئیمام عەلی و هیتریش، بڕیاریان داوە بەشداری لە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا نەكەن.
فازڵ ئەبو رەغیف، شارەزای تەناهی دەڵێت، هەر وەڵامدانەوەیەكی ئەو میلیشیایانە لەسەر خاكی عێراق عێراق دەخاتە دۆخێكی مەترسیدارەوە، بۆیە هەر وەڵامێكی میلیشیاكان دوور لە حكوومەتی عێراق كاردانەوەی دەبێت، ئەحمەد عوبەیدی، توێژەری سیاسی و سەربازی ئاماژە دەكات، دوا بڕیار لەبارەی وەڵامدانەوەكە لای سوپای پاسدارانی ئێرانە، كە زۆرینەی میلیشیاكانی عێراق سەر بەو سوپایەن، وەڵامدانەوەی ئێران فرەوان دەبێت و میلیشیاكانیش بەشێك دەبن لەو وەڵامدانەوە، بەتایبەتی بۆ هەردوو بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد و حەریر.