سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، شەوی رابردوو حزبوڵای لبنان، 50 مووشەكی ئاراستەی ناوچە جیاجیاكانی ئیسرائیل كرد، تا ئێستە دیار نییە زیانەكانی ئەو هێرشە مووشەكییە چی بووە.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئیسرائیل و لبنایش، شەوی رابردوو حزبوڵا هێرشی مووشەكیی كردووەتەوە سەر چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل كە باس لەوە دەكرێ ژمارەیان 50 مووشەك بووە، لەو ناوچانەی ئیسرائیلیش زەنگی ئاگاداركردنەوە بیستراوە.
پێگەی "حدشۆت حمۆت"ی عیبری، ئەو هێرشەی پشتڕاست كردووە و دووپاتی كردووەتەوە، حزبوڵا 50 مووشەكی ئاراستەی ناوچەی جەلیل لە ئیسرائیل كردووە.
لەلایەكی تریشەوە ئێزگەی "ئار تی" دەنگی زەنگی ئاگاداركردنەوەی لە ئیسرائیل پشتڕاست كردووەتەوە كە لە كۆمەڵگە ئیسرائیلییەكانی شەموونە و تەل حای ناوچەی جەلیل بوون.
حزبوڵای لبنانیش لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە، ئەو هێرشەیان بۆ پاڵپشتی لە هاووڵاتییانی غەزەیە و پشتگیریی لە بەرگرییەكەیان دەكەن، چونكە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەكانی دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتییە فەلەستینییەكان و خاكی داگیركراویان.
دوای ئەوەی نیوەشەوی 31ی تەمووز ئیسرائیل لەڕێی مووشەكەوە، ئیسماعیل هەنییەی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، ئێران و حزبوڵای لبنان و مقاوەمەی ئیسلامی، بەڵێنیان داوە لە تۆڵەی هەنییە، هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 36 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 80 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.