دوای ئەوەی كۆتایی هەفتەی رابردوو هاتە بڵاوكردنەوە كە یەكێتی لەگەڵ فراكسیۆنی عەرەبی لە كەركووك لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی پارێزگاری كەركووك بە شێوەی خولی رێك كەوتووە و رێبوار تەهای بۆ پۆستەكە كاندید كردووە، ئەندامێكی پارتی دووپاتی كردەوە كە ئەوان دانانی تەها لەو پۆستە رەت دەكەنەوە و پێویستە پارێزگار كوردێكی سەربەخۆ بێت.
ئەمڕۆ یەكشەم
وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئێمە رەتی دەكەینەوە رێبوار تەها، وەك كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پۆستی پارێزگار وەربگرێت و فراكسیۆنی توركمانیش رەتی دەكەنەوە.
زیاتر گوتی، قسە هەیە رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و فراكسیۆنە عەربییەكان كراوە بەوەی پۆستی پارێزگار هەر دوو ساڵ بۆ یەكێكیان بێت، واتە پۆستەكە ئاڵوگۆڕ دەكەن، ئەوەش ناكرێت و وا باشترە هەمووان لە هەڵبژاردنی پارێزگار بەشداری بكەن، ئێمە وەك پارتی پارێزگارێكی كوردمان دەوێت بەو مەرجەی سەربەخۆ بێت نەك حزبی.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هاتە راگەیاندن كە یەكێتی و چەند فراكسیۆنێكی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار لەنێوان خۆیاندا رێك كەوتوون، بەوەی هەر دوو ساڵ لای یەكێكیان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنەكەیان كردووە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتە دواخستن تا رێككەوتنی هەموو پێكهاتە و هێزە براوەكانی پارێزگاكە.
دوای یەكلابوونەوەی پۆستی پارێزگاری دیالە، كە شیعەكان ناكۆكییەكی گەورەیان لەسەر هەبوو و ئێران بۆی یەكلا كردنەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق دیەوێ لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو پۆستی پارێزگاری كەركووكیش یەكلا بكاتەوە، بۆیە بڕیارە لە ماوەی 72 سعاتی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دانیشتن بكات و ئەو پۆستە یەكلا بكرێتەوە.
ئەمڕۆ شاندێكی باڵای عەرەبی سوننە و توركمانی كەركووك سەردانی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ چارەسەركردنی بابەتی پارێزگاری كەركووك، بەپێی سەرچاوەكان ئەو رێككەوتنەی كە كراوە پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دوو ساڵ لای كورد و عەرەب دەبێت و ئاڵوگۆڕی دەكەن، پارێزگار دوو جێگری دەبێت یەكێكیان بۆ پارتی و ئەوەی تر بۆ توركمانی شیعە، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاش بۆ بەرەی توركمانی دەبێت، پارتی دەیەوێ پارێزگار كوردێكی بێلایەن بێت نەك حزبی.