ئێزدییەكان ترسیان لە دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی عێراق هەیە

:: PM:06:29:04/08/2024 ‌

جیا لەوەی شیعە سوود لە باڵادەستییان لەناو پەرلەمانی عێراق دەبینن و ئەمڕۆ یەكەم خوێندنەوەیان بۆ پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی تەواو كرد و دەیانەوێ لەم خولەدا تێی بپەڕێنن، سوننە دەیانەوێ یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمان دەربچێت، بەو پێیەی بەڵێنی هێزەكانیان بوو بۆ شەقامی سوونە، بەڵام ئێزدییەكان كە قوربانی سەرەكیی تاوانەكانی داعش بوون، ترسیان لەو یاسایە هەیە.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری ئێزدی ئاماژە دەكات، رەتكردنەوەی ئێزدییەكان بۆ دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی عێراق بەهۆی ترسی ئەوانە لەوەی لێبوردنەكە ئەو تاوانبارانە بگرێتەوە كە دەستیان لە كۆمەڵكوژیی رۆڵەكانیان هەبووە، بۆیە ئێزدییەكان بایكۆتی هەر دانیشتنێكی پەرلەمان دەكەن ئەگەر یاساكەی تیادا بخرێتە روو.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە هێشتا خوێنی قوربانیانی ئێزدی وشك نەبووە و تا ئێستەش هەزاران ونبوو و كەنیزەكمان هەیە، بۆیە پێویستە رێز لەو خوێنە بگیرێت، و ئەو یاسایە دەرنەكرێت كە ژمارەیەك تاوانكار دەگرێتەوە و ئەوان ئازاد دەكرێن.

ئەمە و لە دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەكەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەی دووەم هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27 بۆ ساڵی 2016 كرا، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەناو پەرلەمان لەگەڵ پێشنیازی یاسای هەمواری باری كەسێتی دوا خران، كە ئەویش ئەمڕۆ یەكەم خوێندنەوەی بۆ كرا و بەپێی زانیارییەكان شیعە دەیانەوێ هەردوو یاساكە بەیەكەوە بڕۆن، بەڵام كێشەی گەورەیان لەگەڵ یاسای لێبوردن هەیە و ئەگەر بیانەوێ تێپەڕ بێت، رەنگە بە دەستكارییەكی زۆرەوە رێگە بە تێپەڕبوونی بدەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل