ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەكەم خوێندنەوەی بۆ دوو هەمواری یاسای گرنگ و ناكۆكیلەسەری كرد، یەكێكیان هەمواری یاسای باری كەسێتییە كە شیعە لە 2003ەوە دەیانەوێ دەری بكەن، دووەمیان پێوەستە بە سوننە، كە ژمارەیەكی گیراوەكان لە زیندانەكانی عێراق سوننەن و دەیانەوێ وەك دەستكەوتێك بۆ شەقامی سوننە ئەوان بە یاسا ئازاد بكەن و گوشاری تەناهیش لەسەر پارێزگاكانیان لا ببەن، بەڵام شیعە یەكەم رێگرە لەبەردەم ئەو خواستەیان.
هاوكات لەگەڵ یەكەم خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی
حەیدەر مولا، سەركردەی سوننە لە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی داد 67 هەزار گیراو لە زیندانەكانی عێراق هەن، ئەوان دوو بەشن، 20 هەزاریان بە تۆمەتی تیرۆر سزا دراون، 47 هەزاریشیان بە تاوانی كوشتن و دزی و ساختەكردن و بازرگانیی مادەی هۆشبەر و هیتر.
روونی كردەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر گیراون تاوانبار نین، هەیانە گومان لە بێتاوانی هەیە، بۆیە پێویستە كێشەی ئەوانە دوور لە موزایەدەی سیاسی یەكلا بكرێتەوە.
ئێستە بابەتی دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتی بووەتە مادەیەكی هەڵبژاردن و دەستكەوت لە نێوان هێزە سوننەكان، سوننەی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوشار دەكەن یاساكە ئەگەر بە دەستكاریشەوە بێت، دەربكرێت و ببێتە دەستكەوت بۆیان، بۆیە بەرپرسانیان لە میدیاكان گوشار دەخەنە سەر هەوڵی شیعە بۆ دەركردنی یاسای هەمواری باری كەسێتی بۆ ئەوەی یاساكان بەیەكەوە دەربكرێن.
لەدوای پێكهاتنی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، یاسای لێبوردنی گشتی چارەنووسێكی نادیاری هەیە، ئەگەرچی رێككەوتنی سیاسی لەناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی لەسەر كراوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە كە خواستێكی سیاسییانەی شیعە هەیە بۆ پەكخستنی یاساكە، كە جیا لەوەی دەستكەوتی سیاسییە بۆ سوننە و ئەوان نایانەوێ هێزە سوننەكان دەستكەوت و هێزیان هەبێت، ئازادكردنی ئەو ژمارە زۆرەی گیراوان كە رەنگە لەسەر نەیاری بۆ شیعە گیرابن و مەترسیدار بن، بۆیە بە هەموو شێوەیەك بەربەست دەخەنە پێش یاساكە یان لە ناوەڕۆكەكەی بەتاڵی دەكەنەوە.