هەفتەی رابردوو ئیسرائیل گورزی كاریگەری لە ئێران و بەرەی بەرگریكاری لە ناوچەكە وەشاند، كاتێك ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، جیا لە كوشتنی فوئاد شوكر، گەورە راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا و كەسی دووەم لە حزبوڵا لە باشوور بەیرووت، ئێستە ئەوان بەدوای تۆڵەسەندنەوەن، میدیاكان باسی ئەوە دەكەن ئێران داوای كوشتنی بەرپرسانی ئیسرائیلی لە تۆڵەی ئەوان كردووە.
ئێستە ئێران و حزبوڵای لبنان لە دۆخێكی زۆر شلۆق و ناهەمواردان، لەلایەك ناتوانن وەڵامێكی بەهێزی ئیسرائیل بدەنەوە، لەلایەكی تر بۆ سپیكردنەوەی رووی خۆیان لەبەردەم شەقام و خەڵك و میلیشیاكانی تر دەبێت وەڵامیان هەبێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت لە هێرشەكانی بەردەوام ببێت، بۆیە بۆ داخستنی ئەو دۆسیە كراوە و شەرمەزارە پێویستە وەڵامیان هەبێت.
وەك رێگەچارەیەكی تر ئێران و میلیشیاكانی هەوڵ دەدەن راستەوخۆ زیان بە بەرپرسانی ئیسرائیل بگەیەنن، گرنگ نییە لە چ پلەیەك بن، بەڵام بگوترێت كە تۆڵەی كردووەتەوە و خۆی لە شەرمەزارییەكە لابدات، كە رەنگە سەركەوتنێكی ماناكیش بێت و هاوشێوە و هاوتای كارەكەی ئیسرائیل بێت بە كوشتنی بەرپرسانی ئەوان، لەلایەكی تر لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و هەڕەشەكانی ئەمەریكا دەیانپارێزێ لە ئەگەری كوژرانی هاووڵاتییانی ئیسرائیل لەهەر هێرشێك بۆ سەر ئەو وڵاتە.
رۆژنامەی
"كەیهان"ی ئێرانی ئاماژە دەكات، پێشبینی دەكرێت ئێران و هاوپەیمانەكانی جیا لە لێدانی تەلئەبیب و حەیفا، بەرپرسانی ئیسرائیلیش بكەنە ئامانج، شوێنی مانەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل لەوانەی لە هێرشەكانی دوایی رۆڵیان هەبووە ئەوان بكەنە ئامانجی هێرشەكانیان، لەپاڵ زیانگەیاندن بە شوێنە ستراتیجییەكانی ئیسرائیل.
جیا لە میسر، ئوردنیش لەسەر خەتە و ئەوان پەیامی ئەمەریكا بە تاران رادەگەیەنن، بەوەی پێویستە وەڵامدانەوەی بۆ ئیسرائیل سنووردار بێت و بازنەی شەڕ فرەوانتر نەكات، چونكە ئەوان پابەندن بە بەرگریكردن لە ئیسرائیل، قاهیرە پەیامێكی ئەمەریكای بۆ تاران گواستووەتەوە بۆ دانانی سنوور بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانكراوی بۆ كوژرانی هەنییە و فوئاد شوكر.
بەپێی زانیارییەكان قاهیرە وریاییەكەی واشنتنی بۆ تاران گواستووەتەوە لە ئەگەری كردنەئامانجی بەرپرس و دیپلۆماتكارانی ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكی ناوچەكە، جیا لە كردنەئامانجی شوێنە مەدەنی و بازرگانییەكانی ئیسرائیل، راستەوخۆ لە خاكەكەیەوە یان لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكەوە.