بلینكن پەیامێكی توند بە سوودانی دەدات

:: PM:11:17:04/08/2024 ‌

ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، لە میدیاكانی عێراق وا بڵاو كرایەوە كە بلینكن داوای لە عێراق كردووە هەوڵ بدات دۆخەكە هێور بكاتەوە، چەند سەرچاوەیەكی عێراقیش دووپاتی دەكەنەوە كە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیامێكی توندی بە عێراق داوە لە ئەگەری هەر هێرشێكی میلیشیاكان.

سەرچاوەكان گوتیان، بلینكن پەیامێكی توندی ئەمەریكای بە سوودانی گەیاندووە لەبارەی نیازی میلیشیاكان بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە، بلینكن رای گەیاندووە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەر شتێك بۆ پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هەر ەپەرەسەندنێكی هێرشی میلیشیاكان لە جارانی پێشوو توندتر وەڵام دەدرێتەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان سوودانی بە بلینكنی راگەیاندووە كە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی هێرشەكان لە عێراق لە ماوەی داهاتوو، ئەوە لە بەرانبەر بوونی گەرەنتی ئەمەریكا بۆ دووبارەنەكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر حەشدی شەعبی و میلیشیكان لەپێناو بەردەوامیی ئاگربەست و هێوربوونەوەی دۆخەكە. 

ئەوە لەوكاتەی نووسینگەی ر اگەیاندنی سوودانی وای بڵاو كردەوە كە بلینكن داوای لە سوودانی كردووە كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ناوچەكە بكات، ئەویش پێی گوتووە دەبێت كۆنترۆڵی ئیسرائیل بكرێت و شەڕی غەزە بوەستێت و شەڕ نەباتە ناو لبنان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل