میدیای ئێرانی: تابووتەكانتان ئامادە بكەن

:: AM:12:30:05/08/2024 ‌
درەنگانی ئەمشەو یەكشەم چواری ئاب، میدیای ئێرانی ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و لەگەڵ ڤیدیۆكەدا وەك هەڕەشە بۆ ئیسرائیل نووسیوویەتی: تابووتەكانتان ئامادە بكەن. 

لەبارەی كاتی وەشاندنی گورز و وەڵامی ئێران بەرانبەر كوژرانی بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئیسرائیل، میدیا ئێرانییەكان بڵاویان كردووەتەوە كە ژماردنی پێچەوانە لە ئیسرائیل دەستی پێ كردووە و سەعاتی سفر رەنگە ئەمشە یا سبەی بێت، یا رەنگە چەند رۆژێكی تر. 

لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی بلوومبێرگ لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە بڵاوی كردووەتەوە، هێرشە چاوەڕوان كراوەكەی ئێران لە ئانوساتی ئەنجامدانیدایە. 

وێڕای ئەوەی كە تەلئەبیبت تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیش بەرپرسیاریەتی خۆی لە بە ئامانج گیرانی ئیسماعیل هەنیەدا رانەگەیاندووە، بەڵام ئێران هەڕەشەی هێرش كردنە سەر ئیسرائیل دەكات لە تۆڵەی بە ئامانج گیرانی بەرپرسەكەی حەماس. 

رۆژنامەی "مەعاریفی ئیسرائیلیش" بڵاوی كردووەتەوە كە تەواوی یەكە یەدەگەكانی سوپای ئیسرائیل لە تەواوی وڵاتەكەدا و بە تایبەتی لە باكوریدا لەوپەڕی حالەتی ئامادەباشیدان. 

رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئەوەیشی لە زاری بەرپرسە تەناهییەكان "ئەمنیی" ئیسرائیلی بڵاو كردووەتەوە، چاومان لەسەر زەوییە نەك ئاسمان، ئامادەی هەموو هەوڵ و سیناریۆیەكی چاوەڕواننەكراوین.




وشە - پۆڵا مەحموود